به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاهه‌نگى یادى 59 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى رێكخراوی (ی.ل.د.ك) كوردستان به‌ڕێوه‌چوو

به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاهه‌نگى یادى 59 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى رێكخراوی (ی.ل.د.ك) كوردستان به‌ڕێوه‌چوو
ئێواره‌ى ئه‌مرۆ به‌ ئاماه‌دبوونى به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاهه‌نگى یادى 59 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى یه‌كێتیى لاوانى دیموكراتى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو .

سه‌ره‌تا ئومێد خۆشناو سكرتێرى یه‌كێتى لاوانى دیموكراتى كوردستان له‌ وته‌یه‌كدا ئاماژه‌ى به‌ خه‌بات و تێكۆشانى یه‌كێتیى لاوانى دیموكراتى كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانى رێكخراوه‌كه‌یان له‌ ساڵانى رابردوو و به‌ تایبه‌ت له‌م ساڵانه‌ى دواییدا كرد.

دواتر به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان وتارێكى پێشكه‌ش كرد و تیایدا پیرۆزیایى 59 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى رێكخراوى یه‌كێتیى لاوانى دیموكراتى كوردستان ئاماژه‌ی به‌ وته‌ى بارزانیى نه‌مر كرد كه‌ قوتابیان و لاوانى به‌ سه‌ره‌ ڕم و شوره‌ى پۆڵایین وه‌سف كردووه‌ .

سه‌رۆك بارزانى به‌ لاوانى راگه‌یاند كه‌ ئایینده‌یه‌كى گه‌ش له‌ رێییه‌ و خۆتانى بۆ ئاماده‌ بكه‌ن ، له‌باره‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى حه‌وته‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌رۆك بارزانى رایگه‌یاند كه‌ كابینه‌ى حه‌وته‌م ده‌ست به‌كار ده‌بێت و هیواشى خواست كه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت و ده‌ستخۆشیشى له‌ كابینه‌ى شه‌شه‌م كرد ، ئاشكراشى كرد كه‌ هه‌وڵ ده‌درێت له‌ كابینه‌ى حه‌وته‌مدا هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شدارى به‌كه‌ن، ئه‌وه‌ لایه‌نه‌ش كه‌ به‌شدارى ناكات ئێراده‌ و بۆچوونى خۆیه‌تى و رێزى لێده‌گرین ، هه‌روه‌ها له‌باره‌ى چاكسازیش سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند كه‌ پرۆسه‌ى چاكسازى به‌رده‌وامه‌ و قۆناغى زه‌حمه‌تیشى بڕیوه‌ و پڕۆسه‌كه‌ش به‌رده‌وامه‌ و خۆشى شه‌خسى چاودێرى پڕۆسه‌كه‌ ده‌كات ، هه‌روه‌ها باسى له‌ دانانى زمانی یه‌كگرتووى كوردى بۆ خوێندن و نووسین كرد و راشیگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سانى پسپۆر و شاره‌زاوه‌ كار بكرێت .

سه‌باره‌ت به‌ ته‌نگژه‌ى سیاسیى عێراقیش ، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند ئێمه‌ به‌ په‌رۆشین بۆ نه‌هێشتنى ته‌نگژه‌ى سیاسیى و پێشمان وایه‌ ده‌بێت رێككه‌وتننامه‌ى هه‌ولێر جێبه‌جێ بكرێت و مادده‌ى 140 و كێشه‌ى پێشمه‌رگه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت ، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ى تاریق هاشمى ، سه‌رۆك بارزانى رایگه‌یاند كه‌ ئه‌خڵاقى كورده‌وارى له‌سه‌رمان فه‌رز ده‌كات رێز له‌ میوان بگرین ، كێشه‌ى تاریق هاشمیشى بۆ دوو لایه‌نى سیاسى و قه‌زایى گێڕایه‌وه‌ .
Top