نووسینەگەی مەسرور بارزانی هەواڵێکی دیکەی رۆژنامەی هاوڵاتی بە درۆ دەخاتەوە
بە داخەوە کە دیسان رۆژنامەی هاوڵاتی دوور لە پرەنسیپەکانی رۆژنامەوانی، هەواڵێکی دیکەی بێبنەما و چەوت بڵاو دەکەنەوە و لەلاپەرە یەکەمی ژمارە ٨٠٩ی رۆژی ١٥/٢/٢٠١٢ی رۆژنامەکەدا و لە ناوەرۆکی هەوالێکیاندا ئاماژە بەوە دکەن کە گوایە بە فەرمانی مەسرور بارزانی هێز رەوانەی پارێزگای سلێمانی کراوە. ئەم هەواڵە لە ساختەکارییەکانی رۆژنامەکەیە و وەک هەمیشەش زانیارییە دروستکراوەکانیان دەدەنە پاڵ سەرچاوەیەکی نادیار.
ئەو هەواڵەی رۆژنامەی ناوبراو دوورە لە راستی، بۆیە ئەم چەواشەکارییە ریسوا دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە هیچ هێزێک جوڵەی پێنەکراوە و ئەرکی پاراستنی دامودەستگا فەرمیەکان و سەروماڵی هاوڵاتیانیش لە سلێمانی و گشت پارێزگاکاندا بەپێی تایبەتمەندی لە ئەستۆی دامودەستگا راسپێردراوەکانی حکومەتی هەرێمە.
هیوادارین ئەم هەوڵە چەواشەکاریانە زەمینەسازی بۆ فیتنەنانەوە نەبێت و گشت لایەک بەرژەوەندییە گشتییەکانی وڵات ڕەچاو بکەن و ئاڵۆزی و نیگەرانی لە ناو جەماوەری خۆشەویستی کوردستاندا بڵاو نەکەنەوە.
نووسینگەی مەسرور بارزانی
١٥/٢/٢٠١٢
