هەرسێ فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن دانیشتنی پەرلەمانی كوردستانیان جێ هێشت
بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، كەمێك لەمەوبەر كۆبوونەوەی نائاساییی پەرلەمان دەستی پێكرد و كەمال كەركووكی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی خوێندەوە، كە برێتی بوو لە دەست لەكار كێشانەوەی سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمان.
كاردۆ محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕای گەیاند، ئێمە پڕۆسی ئاڵوگۆڕی سەرۆكایەتییەكانی حكوومەت و پەرلەمان بە شەرعی نازانین.
لای خۆیەوە عومەر عەبدولعەزیز سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو بە (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، پێویست بوو یاداشتی دوێنێی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیش بخرابوایە دەنگدانەوە، بەو هۆیەوە دانیشتنەكەمان جێ هێشت و پرۆسەكە بە ناشەرعی دەزانین و دەنگی پێ نادەین\".
دواتر كەمال كەركووكی سەرۆكی پەرلەمان دەستی لە سەرۆكایەتی و پەرلەمان كێشایەوە، دەست لەكاركێشانەوەكەشی بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتار قبووڵ كرا، بەڵام ئەرسەلان بایز جێگری سەرۆكی پەرلەمان تەنیا دەستی لە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كێشایەوە و بە زۆرینەی دەنگ قبووڵ كرا.
72 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ بوون."
