بەرهەم ئەحمەد ساڵح دوای وازهێنانی لە حكوومەت لە كاری سیاسیی خۆی لە كوردستان بەردەوام دەبێ
توانا ئەحمەد سكرتێری ڕۆژنامەوانیی بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ سێشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە پاش وازهێنانی لە حكوومەت لەسەر كاری سیاسیی خۆی لە كوردستان بەردەوام دەبێ و پاڵپشتی لە پڕۆژەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان دەكا.
جەختی كرد، ساڵح هاوكاری جێبەجێكردنی بەرنامەی لیستی كوردستانی دەبێ كە بەشێكی لە كابینەی شەشەم هاتووەتە جێبەجێكردن و هەوڵ دەدرێ بەشەكەی تریشی لە كابینەی حەوتەمدا بێتە جێبەجێكردن.
لەبارەی گەڕانەوەی بۆ كاری پێشووی لەناو حكوومەتی عێراقی توانا ئەحمەد روونی كردەوە كە ئەو هیچ شتێكی لەوبارەیەوە نەزانیوە، بەڵام بە دووری دەزانێ ساڵح بچێتەوە بۆ ناو حكوومەتی ناوەندی و لەوێ كار بكا.
