لێژنەی یەكخستنەوەی ناو ماڵی كورد چەند ڕاسپاردەیەكی خستە بەردەم حزب و لایەنە سیاسییەكان
دوای مانگێك لە كۆبوونەوە لەگەڵ هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، لێژنەكە، ئەمڕۆ سێشەم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا چەند ڕاسپاردەیەكی خستە بەردەم سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستاندا.
لێژنەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە كتێبخانەی زەیتوون لە هۆڵی مەحموود زامدار لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە سیاسییەكان وردەكاریی كارەكانی خۆی خستەڕوو.
لە سەرەتای كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا بڵند مستەفا بەرپرسی ڕێكخراوی \"ئاسۆی مەدەنییەت\"" ڕای گەیاند، لە 2ی كانوونی دووەم/یەنایەری رابردوودا رێكخراوی ئاسۆی مەدەنییەت بانگهێشتنی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ناوەندە رۆشنبیرییەكان و كەسایەتییەكانی شاری هەولێری كرد، بە مەبەستی گفتۆكردن لەبارەی دۆخی كوردستان و عێراق و ناوچەكە، بۆ ئەم مەبەستەش كەمپینێك بە بەشداریی كۆمەڵێك چالاكوانی مەدەنی و رۆشنبیر درووست كرا بەناوی (لێژنەی یەكخستنەوەی ماڵی كوردستان) بۆ ئەنجامدانی زنجیرەیەك چالاكی.
Aso Madanyatئاماژەی بەوەش دا، دانیشتمان لەگەڵ هەریەك لە كۆمەڵى ئیسلامى و یەكگرتووى ئیسلامی و بزووتنەوەى گۆران و یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام دا و بیر و ڕای سەرجەم لایەنەكانمان وەرگرتووە، بۆ ئەوەی كاری زیاتر بكەین بۆ یەكخستنەوەی ناو ماڵی كورد.
دواتر هاوكار یاسین ئەندامی لێژنەكە ڕای گەیاند، دوای دیدار و كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان چەند پێشنیازێك و ڕاسپاردەیەك دەخەینە بەردەم لایەنە سیاسیەكان بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن.
ئاماژەی بەوەش دا، دۆخی گەلی كورد لە ناوچەكەدا و ئەو گۆڕانكارییانەی لە جیهان و ناوچەكە و عێراقیش روو دەدەن، پێویستی بە یەكهەڵوێستی و یەكڕیزیی هەموو لایەك هەیە بەبێ رەچاوكردنی ناكۆكییە حزبییە تەسكەكان، هەروەها پرۆسەی چاكسازیی ریشەیی لە هەرێمی كوردستاندا پێویستی بە هەمان یەكهەڵوێستی و یەكڕیزی هەیە، بۆیە هەر كێشە و ناكۆكییەكی ناوەخۆییمان لە ئێستەدا زەرەرێكی گەورە بە دۆزە رەواكەمان دەدا، لە ئاستی دەرەكی و ناوەخۆییدا.
هەروەها روونی كردەوە، هیچ رێگرییەكی ئەوتۆ لە بەردەم كۆبوونەوەی پێنج قۆڵیدا نابینین، بۆیە بە پێویستی دەزانین زەوینەسازییەكی رژد بكرێ بۆ سازكردنی ئەم كۆبوونەوەیە و پێمان باشە سەرۆكی هەرێم بانگهێشتنی پێنج لایەنەكە بكا بۆ كۆبوونەوەیەكی هاوبەش بە سەرپەرشتیی خۆی، هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دەستبەجێ هەوڵی یەكلاكردنەوەی كێشەكانی ناوانیان بدەن و گرژییەكانی دوای رووداوەكانی بادینان ئاسایی بكەنەوە.
زیاتر گوتی، ئەنجوومەنی باڵای پارتە سیاسییەكانی كوردستان لە سەرجەم حزبە سیاسیەكانی كوردستان دروست بكرێتەوە كە بڕیاری سیاسی و چارەنووسسازی كوردستانی لێ دەربچێ، بەمەش بەشداریی سیاسیی هەموو لایەنەكان لە بڕیاری سیاسی كوردستان دێتە دی.
\""لێژنەكەمان پێی وایە هەر لایەنێك تەگەرە بخاتە بەردەم یەكخستنەوەی ماڵی كوردستان لەم دۆخە هەستیارەی كوردستاندا، هەوڵی یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی بە شێوەیەكی عەمەلی نەدا، بەرپرسیارەتیی مێژووی دەكەوێتە ئەستۆ."
