ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا لە وتووێژكردن لەگەڵ بەرهەڵستكارانی سووریا لە قاهیرە بەردەوامە

ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا لە وتووێژكردن لەگەڵ بەرهەڵستكارانی سووریا لە قاهیرە بەردەوامە
بەر لە رۆژێك لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب لەبارەی تەنگژەی سووریا، ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەرهەڵستكاری كوردی سووریا ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە لە دیدارەكانی لەگەڵ بەرهەڵستكارانی سووریا لە قاهیرە بەردەوامە.

عەبدولحەمید دەروێش سەرۆكی شاندی وتوێژكاری ئەنجوومەنەكە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنەكانی بەرهەڵستكاری سووریا بەردەوامە و دووپاتی كردەوە، پێویستە وەك دووەم نەتەوە لە سووریا خواستەكانی كورد لە دوای گۆڕانكاری وەربگیرێن، چونكە فەرامۆشكردنی مانای ئەوەیە شۆڕشی ئەو وڵاتە بە ئامانجەكانی نەگەیشتووە.

زیاتر گوتی، ئەو پاڵپشتییە مەعنەوییەی ئەنجوومەنەكە لە هەرێمی كوردستانی عێراق لێی كرا، بەتایبەتی لە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كاریگەریی گەورەی لەسەر یەكخستنی ریزەكانی كوردی سووریا بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەرهەڵستكارانی ئەو وڵاتە هەبوو، بۆ ئەوەی كوردی سووریاش رۆڵی دیاریان لە رووخاندنی رێژیمی سەركوتكاری ئەو وڵاتەدا هەبێ.

دەروێش روونی كردەوە، ئێستە ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی سووریا بەشێكی سەرەكییە لە كۆنگرەی بەرهەڵستكارانی سووریا كە بڕیارە بەچاودێریی كۆبەندی عەرەبی لە قاهیرە بێتە سازكردن.

لە كۆتای مانگی رابردوو هەولێری پایەتەختی هەرێمی كوردستان بەچاودێریی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی فرەوانی هێزە كوردییەكانی سووریای لە ئامێز گرت و بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ بڕیارەكانی كۆنگرەكە دەربڕی و رای گەیاند، سەردەمی فەرامۆشكردنی كورد تێپەڕی و پێویستە كوردی سووریا خۆی بۆ گۆڕانكاری ئامادە بكا و لە هەر گۆڕانكارییەكیش لەو وڵاتەدا دەبێ رەچاوی ماف و بەرژەوەندییەكانی كورد بكرێ.
Top