هێزى پێشمەرگە لە هەوڵى نێزیكبوونەوەدایە لە ناوچە كێشەدارەكانى دیالە

هێزى پێشمەرگە لە هەوڵى نێزیكبوونەوەدایە لە ناوچە كێشەدارەكانى دیالە
سەرچاوەیەك لە وەزارەتى پێشمەرگەى حكوومەتى هەرێمى كوردستان ئاماژە بە ئیمزاكردنى پێشنیازێك بۆ نێزیككردنەوەى هێزەكانى پاسەوانى سنوورى هەرێم (پێشمەرگە) لە ناوچە كێشەدارەكانى دیالە لەگەڵ لایەنى عێراقى و ئەمەریكایى دەكا، ژمارەیەك لە بەرپرسانى ئیداریی ئەو ناوچانەیش پێیان وایە ئەگەر ئەو پێشنیازە ببێتە بڕیار، كاریگەریى ئەرێنى لەسەر دۆخى ئاسایشى ناوچەكە دەبێ.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان راى گەیاند \"ئَێمە پێشتر لەسەر داوای خەڵكی ناوچە كێشەدارەكانى دیالە كە شاڵاوێكی دڕندانەی دەركردن و كوشتن و تۆقاتندنیان لەسەر بوو، لە كۆبوونەوەی وەزاریى نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق و فەرماندەیی هێزەكانی ئەمریكا داوامان كردبوو ئێمە لیوای 3مان هەیە لە سنووری گەرمیان كە لە پرۆسەی تەناهیی ناوچەكەدا بەشدارە بچێتە نێزیك لیوای 4ى سوپاى عێراق لەو ناوچانەی دیاریمان كردوون، بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی زیاتر بكەن لەگەڵ ئەو لیوایە بۆ پارستنی خەڵكی ئەو ناوچانە بەكورد و عەرەب و توركمانەوە\"".

یاوەر ئەمڕۆ پێنجشەم بۆ ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) ئاشكرای كرد، لە 6ی ئەم مانگە بەسەرۆكایەتیی شاندێكى وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ شاندێكى باڵاى سەربازیى سوپای عێراقی و ئەمەریكایى لە سەربازگەی كوبرا بوو لەنێوان سەعدیە و جەلەولا لەبارەى دۆخى تەناهیى ئەو ناوچانە كۆ بووینەوە.

هەروەها گوتى \""كۆبوونەوەكەمان بوو 6 سەعاتی خایاند و باسمان لە پێویستیی هاتنە پێشەوە لیوای 3ی گەرمیان بۆ هاوكاریی لیوای 4ی سوپای عێراق كرد، پاش ئەوە كۆنووسێكمان ئیمزا كرد و بۆ لێژنەی باڵای وەزاریمان بەرز كردەوە، كە ئێمەی بەشدار لەو كۆبونەوەیە پێشنیاز دەكەین لیوای 3 لە كفریەوە بێتە نێزیك ناوچەكانی سەعدیە و جەلەولا و قەرەتەپە و خانەقین و نێزیك بێ لە بازگە هاوبەشەكانى نێوان هێزی پێشمەرگەی پاسەوانی هەرێم و هێزەكانی حكوومەتی فیدراڵی عێراق\"".

سەرچاوەیەكی سەربازیی عێراقى بەشدار لەو كۆبوونەوەیش ئائاماژەى بەوە دا، پێشنیاز هەیە لە چەند ناوچەیەكی‌ كێشەدارى سنووری‌ دیالە هێزەكانی‌ پێشمەرگە 10 بۆ 20 كم یان زیاتر ببردێنە پێشەوە، ئامانج لەوەیش هاوكاریكردنی‌ هێزەكانی‌ سوپای‌ عێراقە لە پاراستنی‌ ئاسایشى ناوچەكە.

لاى خۆیەوە ئەنوەر حوسێن بەڕێوەبەری شارەدێی جەلەولا /30 كم باشووری ڕۆئاوای شارۆكەى خانەقین/ بە (ئاكانیوز)ی‌‌ راگەیاند، حوسێن گوتى \""گەشبینین بەو هەنگاوانە لەبارەى رۆڵى پێشمەرگە\"" و ئاماژەى بەوەیش دا شاندەكەی‌ عێراق رایان گەیاندووە داوكارییەكان بۆ سەرووی‌ خۆیان بەرز دەكەنەوە و ئێستە چاوەڕوانی وەڵامی‌ حكوومەتی‌ ناوەندن.

ئەحمەد زڕگووشی بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدیە، كە ئەویش یەكێكە لە ناوچە كێشەدارەكان، لە لێدوانێكیدا بۆ (ئاكانیوز) خۆشحاڵى بە نێزیكتربوونەوەى پێشمەرگە لە ناوچەكەیان دەربڕى و بە یەكێك لە داواكارییە لەمێژینەكانى كوردەكانى ئەو ناوچەیەى لەقەڵەم دا، بەمەبەستى پاراستنیان لەو مەترسییانەى بەهۆى گرووپە چەكدارییەكانەوە تووشیان دەبێ.

بە گوتەی زڕگووشی \""هێزی‌ پێشمەرگە رۆڵی‌ گرینگیان لە دابینكردنی ئاسایش و ئارامی‌ بۆ هاوڵاتیان و دوورخستنەوەی‌ تیرۆریستان لە ناوچەكە دەبێ\"".

فەرهاد وەلید وەك هاووڵاتییەكی خەڵكی شارەدێی جەلەولا ئاماژەى بەوە دا لەكاتی نەمانی هێزی پێشمەگەر لەو ناوچەیە لە ساڵى 2007ەوە كردەوە تیرۆریستییەكان لەو ناوچەیە زیادیان كردووە.

دایكی ڕزگار كە ئافرەتێكی ئاوارەی جەلەولایە و لە ترسی گرووپە چەكدارەكان هەڵاتووە و ئێستە لە شارۆكەی كەلار نیشتەجێیە، ئاماژەى بەوە دا تاكە رێگە بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ ناوچەكانیان. "
Top