لیژنەکانى پەرلەمان راپۆرت لەسەر 40 پڕۆژەیاسا ئامادە دەکەن

لیژنەکانى پەرلەمان راپۆرت لەسەر 40 پڕۆژەیاسا ئامادە دەکەن
ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، نزیکەى 40 پڕۆژەیاسا و بڕیار هەن کە خوێندنەوەى یەکەمیان بۆ کراوە و لە پەرلەمان ماونەتەوە، ئێستا بۆ کارى پێویست لەلایەن لیژنەکانەوە راپۆرتیان لەسەر ئامادە دەکرێت.
ئەندامى لیژنەى یاساییى پەرلەمانى کوردستان، ئەحمەد وەرتى، بە ئاژانسى هەواڵى پەیامنێرى راگەیاند، ئەو پڕۆژەیاسا و بڕیارانە خوێندنەوەى یەکەمیان بۆ کراوە و بە مەبەستى خوێندنەوەى دووەم و پەسندکردنیان لە ئێستادا لەلایەن لیژنە پەیوەندارەکانەوە دەست کراوە بە ئامادەکردنى راپۆرت لەبارەیانەوە.

گوتیشى، لەوەتەى هاتنى پشووى پەرلەمان دەست بەو کارە کراوە و زۆرێک لە پڕۆژەیاسا و بڕیارەکان راپۆرتیان لەسەر ئامادە کراوە و هیواخوازن تا کۆتاییى پشووەکە کە تا سەرەتاى مانگى داهاتوو دەخایەنێت بتوانرێت راپۆرتەکان تەواو بکرێن.

ئەو ئەندامەى لیژنەى یاساییى پەرلەمانى کوردستان هێماى بۆ ئەوە کرد کە هەندێ پڕۆژەیاسا هەیە کە هەرچەند خوێندنەوەى دووەمیشیان بۆ کراوە، بەڵام تا ئێستا یەکلایى نەبوونەتەوە و نەخراونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە لەوانە پڕۆژەیاساى بودجەى حزبەکان، هەموارکردنەوەى یاساى کۆمسیۆن و هەڵبژاردنەکان و زۆرێک لە پڕۆژەکانى تر کە بە هەموویان 7 پڕۆژە یاسان.
Top