شاندێكی هه‌رێمی كوردستان به نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆك بارزانی به‌شداری له مه‌ڕاسیمی نوێژی به‌ربانگی نیشتمانی له ئه‌مه‌ریكا كرد
له‌و مه‌ڕاسیمه‌دا كه باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئهمهریكاو جۆ بایدنی جێگری سه‌رۆك و ئه‌ندامانی كۆنگرێس و ته‌واوی حكومه‌ته‌كه‌ی ئۆباما‌و زیاتر له 3500 كه‌سایه‌تی سیاسی و ئایینی كۆمه‌ڵایه‌تی له پتر له 130 وڵاتی جیهان ئاماده‌ی بوون، باراك ئۆباما ووتارێكی پێشكه‌ش كرد و گووتی \" ئێمه له كۆمه‌ڵگایه‌كی فره ئایینی ده‌ژین، بۆیه زۆر گرینگه بزانین به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ئایینیه‌كان هانمان ده‌دات بۆ چاكه‌خوازی و یارمه‌تیدانی هه‌ژار و لێقه‌وماوان.
له‌و مه‌ڕاسیمه‌دا سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه‌سه‌رجه‌م ئایینه ئاسمانیه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه مرۆڤ ده‌بێ چی بۆ خۆی بووێت هه‌مان شتیشی بۆ ده‌وروبه‌ری خۆی بووێت.
جێگه‌ی باسه به‌مه‌به‌ستی وه‌لانانی كێشه سیاسیه‌كان و لێك نزیك كردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئایینه‌كان و خستنه‌ڕووی بیروڕا سه‌باره‌ت به په‌یامی ئاشتی و ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیانی سه‌رجه‌م ئایینه‌كان وه‌ك خوای گه‌وره له كتێبه پیرۆزه‌كانی ئاماژه‌ی پێكردووه ئه‌م مه‌ڕاسیمه له یه‌كه‌م پێنج شه‌ممه‌ی مانگی شوبات له هه‌موو ساڵێكدا له پایته‌ختی ئه‌مه‌ریكا سازده‌كرێت.
ئه‌مه‌و له په‌راوێزی ئه‌و مه‌ڕاسیمه‌دا شاندی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین دیدار‌و چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ باڵیۆز‌و كۆنگرێسمان و ئه‌ندامانی سه‌نات ئه‌نجامدا و تێیدا باسیان له سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێكهاته‌ی هه‌رێم و ویستی هاوووڵاتیانی كوردستان كرد كه ده‌خوازن ئه‌و لێبورده‌یی و پێكه‌وه ژیانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م ئایین و نه‌ته‌وه‌كان به‌رده‌وامی هه‌بێت و نه‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری هیچ ململانێیه‌ك.
له دیدارێكیان له‌گه‌ڵ باڵیۆز خاتوو سوزان جوهانسن كوك له نووسینگه‌ی كاروباری ئازادی ئایینی نێوده‌وڵه‌تی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، شاندی هه‌رێم پوخته‌یه‌كیان له‌سه‌ر پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی هه‌رێمی كوردستان و ئازادی ئایین و رێزگرتن له‌سه‌رجه‌م ئایینه‌كان له‌هه‌رێم پێشكه‌ش كرد. هه‌روا تیشكیان خسته سه‌ر سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ داكۆكی كردن له سه‌روه‌ری یاسا‌و رێزگرتن له به‌ها ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.
له‌به‌رامبه‌ردا باڵیۆز سوزان جوهانسن خۆشحاڵی خۆی به‌رامبه‌ر بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان نیشاندا‌و هیوای خواست ئازادی بیر‌و بۆچوون و ئازادی ئایینی ببنه فاكته‌رێكی به‌هێز بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتووی دیموكرات كه مافی هه‌مووان پارێزراو بێت. هاوكات بڕیاریاندا له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
هه‌ر له میانه‌ی دیداره‌كانیان شاندی هه‌رێم چاویان كه‌وت به جۆو ویڵسن ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا، له دیدارێكدا باس له ره‌وشی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه و ئه‌و ئاسته‌نگ و قه‌یرانه سیاسیانه‌ی عیراق كرا كه به‌م دووایه به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو سه‌ری هه‌ڵداوه. له‌م دیداره‌دا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت تێڕوانینی هه‌رێمی كوردستانی خسته‌ڕوو له‌مه‌ڕ پرسه هه‌نووكه‌ییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه بۆ رێكه‌وتننامه سیاسیه‌كان و دیالۆگ و ده‌ستووری وڵات وه‌ك چاره‌سه‌رێك بۆ قه‌یرانه‌كان و پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌و كه‌لتووری لێبورده‌یی.
هه‌ر له میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌ندامێكی ئێستا و پێشووی كۆنگرێس له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، شاندی هه‌رێمی كوردستان به ووردی تێڕوانین و سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمیان خسته‌ڕوو له‌مه‌ڕ پرسه هه‌نووكه‌ییه‌كان و بارودۆخی هه‌رێم و ئارامی و پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌ی نێوان ئایین و نه‌ته‌وه‌كان له هه‌رێم. هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستی پشتگیری زیاتری كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كرده‌وه له ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان و پێشخستنی سه‌رجه‌م بواره‌كان.
له به‌رامبه‌ردا هه‌موولایه‌ك خۆشحاڵ بوون به ره‌وشی هه‌رێم و ستایشی پێشوه‌چوونه‌كانی هه‌رێم و رۆلی سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستانیان كرد له هێوركردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه ناكۆكه‌كان.
هه‌ر له میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ ئه‌مه‌ریكا، زانكۆی كاسۆلیك له ئه‌مه‌ریكا سیمینارێكی بۆ به‌ڕێزان مه‌تران رهبان ئه‌لقه‌س و فه‌لاح مسته‌فا رێكخست. له سیمیناره‌كه‌دا كه ژماره‌یه‌كی زۆری مامۆستا‌و قوتابیانی ماسته‌رو دكتۆرا‌و قوتابیانی زانكۆكه ئاماده‌بوون، مه‌تران رهبان ئه‌لقاس باسی له مێژووی ئاینه‌كان له هه‌رێمی كوردستان و كه‌لتووری پێكه‌وه ژیانی نێوان ئایینه‌كان له هه‌رێم كرد. به‌ڕێزیان گووتی حكومه‌تی هه‌رێم بایه‌خی زۆر به ئازادی ئایینی ده‌دات و زه‌مینه‌سازی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئایین و بڕواكان كه مێژووێكی درێژیان هه‌یه له هه‌رێم به ئازادی رێوره‌سم و نه‌ریته ئایینیه‌كانیان به‌ڕێوه ببه‌ن.
هه‌ر له میانه‌ی سیمیناره‌كه فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت باسێكی سه‌باره‌ت به‌و جه‌ورو سته‌مانه پێشكه‌ش كرد كه له‌سه‌ر ده‌ستی رژێمه‌كانی پێشوو گه‌لی كوردستان به‌سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌و ئایینه‌كانه‌وه دووچاری هاتن. به‌ڕێزیان گووتی رژێمی پێشووی عیراق له‌سه‌ركوتكردنی ئازادی جیاوازی له‌نێوان هیچ ئایینێكدا نه‌ده‌كرد و دژی هه‌موو جۆره ئازادیه‌ك ده‌وه‌ستا. هه‌روا گووتی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا كه عیراق توشی ره‌وشێكی ناسه‌قامگیر بووه‌وه‌و هاوڵاتیان مه‌ترسی بۆ سهرگیانیان دروست بوو، هه‌رێمی كوردستان بووه په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ ژماره‌یه‌كی زۆری خوشك و برایانی مه‌سیحی و هاوڵاتیانی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراق.
پاشان به‌ڕێزیان پوخته‌یه‌كی له‌سه‌ر قۆناغه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌دوای راپه‌ڕین تا به ئه‌مڕۆ ده‌گات پێشكه‌ش به ئاماده‌بووان كرد و هیوای خواست وڵاتانی پێشكه‌وتوو و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی زیاتر پشتگیری له پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
له كۆتایی سیمیناره‌كه‌دا چه‌ندین پرسیار و سه‌رنج و تێبینی له لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه ئاراسته‌ی شاندی هه‌رێمی كوردستان كرا، ئه‌وانیش وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیان دانه‌وه."
