لە هەرێم كەمپینێك بۆ دەستوور رادەگەیەنرێ
رۆژی 22ی حوزەیران/یۆنیۆی 2009 پەرلەمانی كوردستان بەئامادەبوونی 97 پەرلەمانتار لە كۆی 111 پەرلەمانتار و بەدەنگی 96 ئەندام دەستووری هەرێمی كوردستان كە لە 122 مادە پێكهاتووە پەسند كرد.
لە راگەیاندنێكدا كە وێنەیەكی بۆ (ئاكانیوز) رەوانە كراوە ڕێكخراوی (CDO و سەنتەری میترۆ دەڵێن، بەپێی ئەو بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقیەی لەسەر شانمانە بڕیاریان دا بە پێكهێنانی كەمپینێك لە ڕێكخراوە ئارەزومەندەكان، چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان، یاساناسان و ئەوانەی كە خەمی ئەمڕۆ و داهاتووی ئەم كۆمەڵگەیانە، كەمپینی (دەستوورێك گرەنتی دیموكراسی بكا) ئەمڕۆ دەكەوێتە ڕێ.
ئامانجی هەردوو دامەزراوەكە وەك خۆیان دیارییان كردووە هێنانەدی دەستوورێك كە گەرەنتی بێت بۆ: فرەوانكردنی مەودای ئازادییەكان و گەیشتن بە زانیارییەكان كە یاسایەك نییە ڕێكی بخا، بەڵام چەندان یاسا ڕێگرە لێیان، هەروەها چەسپاندنی ئازادی ڕۆژنامەگەری وەك لە بەڵگەنامە ناودەوڵتییەكاندا ئاماژەی پێ كراوە بە مانای ئازادی گەیشتن بە دەستهێنانی سەرچاوەی زانیاری و بڵاوكردنەوەی بەبێ دەستێوردان كە یاسای ڕۆژنامەگەری هەرێم نەی پێكاوە، چەسپاندنی سیستمی دیموكراسی كە پڕۆژەی دەستووری هەرێم گەرەنتی تەواوی نەكردووە.
\"جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان (یاسادان، دادوەری، جێبەجێكردن) كە پڕۆژەی دەستوورەكەی هەرێم تێكەڵی كردوون، چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤ و مافی ژنان كە پڕۆژەی دەستووری هەرێم پێداگری تەواوی لەسەر نەكردوون\"" لە راگەیاندنەكەدا هاتووە.\\
دەستووری هەرێمی كوردستان كە تا ئێستە ریفراندۆمی بۆ نەكراوە و نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام رووبەڕووی رەخنەی ئۆپۆزسیۆن و بەشێك لە رۆشنبیرانی هەرێمەكە بووەتە، بەڵام دوو لایەنی ئۆپۆزسیۆن (یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی) لەكاتی پەسندكرلادنی دەستوورەكەدا لە پەرلەمانی كوردستان بوون.
ئەوەیشیان خستووەتە ڕوو كە كەمپینەكە لەمڕۆوە كاری خۆی دەست پێ دەكات و سەرجەم شار و شارۆكەكانی كوردستان دەگرێتەوە و میكانیزمی مەدەنی جۆرەوجۆر وەك جوڵاندنی ڕای گشتی، بەگەڕخستنی توانای ڕێكخراوە مەدەنییە ناوەخۆییەكان، دەزگەكانی ڕاگەیاندن، بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەندامانی پەرلەمان، ئاژانسەكانی UN و ڕێكخراوە ناودەوڵەتییەكان و بڕیار بەدەستانی هەرێم، بەكار دەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی.
لە هەرێمی كوردستاندا دەستخستنی زانیاری و تەنانەت وەڵامدانەوەی تەلەفۆنی رۆژنامەنووسان لەلایەن بەشێكی زۆر لە سەرچاوەكانی زانیارییەوە لە دۆخێكی سەختدایە و كاری رۆژنامەوانی پشوودرێژیەكی زۆری پێویستە، جگە لەوەی بەردەوام رۆژنامەنووسان رووبەڕووی لێدان و گرتن و شكاندنی كامێرا و ریكۆردەرەكانیان دەبنەوە."
