سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەیاننامەی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) روونكردنه‌وه‌یه‌ك ده‌دات

سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەیاننامەی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) روونكردنه‌وه‌یه‌ك ده‌دات
وته‌بێژێك به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی پارتی یه‌كێتی دیموكرات (په‌یه‌ده‌) روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌، كۆپیه‌كی روونكردنه‌وه‌كه‌ كه‌ بۆ ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێر نێردراوه‌، له‌ به‌شێكی داهاتووه‌: \" قسە و بەیاننامەی (پەیەدە) رێک لە قسە و لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی دەچن و دوو شێوازی ھاوشێوە و ھاومەبەستن و لە یەک دید و عەقڵییەتەوە سەرچاوەیان گرتووە بۆ دژایەتیکردنی کورد\"".
ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

ئەوەی روون و ئاشکرایە کە ھەرێمی کوردستان وەک ئەرکێکی نەتەوایەتی و لە پێناو پتەوکردنی یەکڕیزیی گەلی کورد لە کوردستانی سووریا، ھەموو ئاسانکاریەکی پێشکەش کرد تاوەکو رەوەندی کوردی ئەو بەشەی کوردستان بتوانن لە کەشێکی ئازاددا تاوتوێی رەوشی خۆیان بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش بێجگە لە رەوەندی کوردی سووریا لە دەرەوە، سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکانیش بانگھێشت کرابوون لە نێویانیشدا پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، ئەوەبو لە کۆتاییدا خۆیان پاشگەزبوونەوە، ئەگینا بەر لەوەی پەشیمان ببنەوە باسی کۆنگرەیان لەگەڵدا کرابوو و دەبوایە بەشداربوونایە، بەڵام لە ئەنجامدا سەرجەم بانگھێشتکراوان ھاتن ئەوان نەبن، ھۆکاری ئامادەنەبوونیشیان لای خۆیانە و بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە، بۆیە رایدەگەیەنین کە قسە و لێدوانەکانی پارتی ناوبراو گوایە بانگھێشت نەکراون، ھیچ راستییەکی بۆ نیە.

(پەیەدە) بێجگە لەو بیانووەشی، لەم قۆناغە ھەستیارەی کە کوردستانی سووریا پێیدا دەرباز دەبێت، دەیەوێ ئەو قسە ناڕاست و بێ بنەمایە بۆ ناو کۆمەڵگای کوردستانی دزە پێبکات کە گوایە کۆنگرەی ھەولێر پەرتبوون و دووبەرەکیی دەخاتە نێو ریزەکانی کوردەوە، ئەم عوزرەش لە قەباحەتی پێشووی گەورە ترە، چونکە رای گشتی کوردستان ئاگادارە کە کۆنگرەی ھەولێر بۆ پتەوکردنی نێو ماڵ و یەکڕیزیی و یەکھەڵوێستی کورد بووە و بێجگە لە رەوەندی کورد و نووسەر و رۆشنبیر و کەسایەتی سەربەخۆ و نوخبەی کوردی سووریا بە گشتی لە بیست و پێنج وڵاتی جیھان، زۆربەی ھەرە زۆری ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەش تێیدا ئامادەبوون کە رۆَڵیان لە مەیدانی سیاسیدا ھەیە، با گەلی کوردستانیش ئەو حوکمە بدات؛ تەفرەقە و دووبەرەکی لە کوێ و لە چی کۆنگرەی ھەولێر بەدی دەکرێ، ئەو ھەموو وڵاتپارێزە بەڕێزەی بەشدار بوون، چۆن لە کۆنگرەیەکدا ئامادە دەبن مەبەست لێی نانەوەی تەفرەقە بێت!، کام مەنتق قبووڵی ئەوە دەکات ئەو ھەموو خەڵکە و ئەو ھەموو ھێزە سیاسییە چاوپۆشیی لە ھەنگاوێک بکەن دووبەرەکی لێ بکەوێتەوە، یان تاقە لایەنێک کە خۆی نەیویستووە ئامادە بێت، بە کامە مەنتق تەنیا خۆی پێ پەسەندە و زۆرینەشی بەلاوە تەفرەقەچییە!.

لە کۆتاییدا یەک شت دەڵێین، ئەویش ئەوەیە کە قسە و بەیاننامەی (پەیەدە) رێک لە قسە و لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی دەچن و دوو شێوازی ھاوشێوە و ھاومەبەستن و لە یەک دید و عەقڵییەتەوە سەرچاوەیان گرتووە بۆ دژایەتیکردنی کورد، ئەو قسانەیان ئەوەندە ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا پەیامی دژ بە کوردن، ھەر شیکردنەوەشیان پێویست نیە.



وتەبێژێک بە ناوی

سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان

١/٢/٢٠١٢"
Top