توغڵوك: كورد خوازیارى ئۆتۆنۆمییە بۆ كوردستان
پەیامنێرى ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) گواستییەوە، ئایسەل توغڵوك هاوسەرۆكى كۆنگرەى كۆمەڵگەى دیموكراسى \""دەتەكە\"" لە میانى كۆبوونەوەیەكى نائاسایی لە بارەگاى شارى دیاربەكر /911 كم باشوورى رۆهەڵاتى ئەنقەرە/ كە تێیدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و رووداوەكانیان هەڵسەنگاند و تێیدا دووپاتى كردەوە، كورد بەهیچ شێوەیەك هەر جۆرە هەوڵێك بۆ نكورى لە زمان و شووناسى رەت دەكاتەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە ئەحمەد تورك هاوسەرۆكى \""دەتەكە\""، پەرلەمانتارانى بارستەى \""بەدەپە\"" ئاڵتان تان، ئۆزداڵ ئوچەر و پەرەلەمانتارانى تریشیان ئامادە بوون، هەروەها عوسمان بایدەمیر سەرۆكى شارەوانیی گەورەى دیاربەكر و زیاتر لە 800 كادرى تر ئامادەى كۆبوونەوەكە بوون.
توغڵوك لە بەردەوامى وتارەكەیدا ئاماژەى بەسیاسەتى پارتى داد و گەشەپێدان \""ئاكەپە\""ى دەسەڵاتدار كرد و گوتى، گەلى كورد لەگەڵ دامەزراندنى رێژیمى كەمالیزم بۆ ماوەى 80 ساڵ ستەم و پاڵەپەستۆى جۆراوجۆریان دژ بەكورد ئەنجام داوە، ئەمڕۆ \""ئاكەپە\"" لەسەر هەمان رێڕەو هەنگاو دەنێ و سیاسەتى قڕكردن دژ بەكورد ئەنجام دەدا.
هەروەها گوتى گەلى كورد خوازیارى توركیایەكى دیموكراسى و كرانەوەیەكى راستەقینە بەڕووى كورد و ئۆتۆنۆمى بۆ كوردستان دەخوازێ."
