بۆ ڕاسپاردنی دروستكردنی كابینه‌ی نوێ، سه‌رۆكی هه‌رێم چاوه‌ڕێی دیاریكردنی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌كات

بۆ ڕاسپاردنی دروستكردنی كابینه‌ی نوێ، سه‌رۆكی هه‌رێم چاوه‌ڕێی دیاریكردنی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌كات
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند كە چاوەڕوانی دیاریكردنی كاندیدی جێگری سەرۆكی حكوومەتن بۆ پێكهێنانی كابینەی تازە.

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان (فوئاد حسێن) له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی (ئاكانیوز)ـی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی خۆی دیاری كرد بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ئێستەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی كاندیدكردنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمە لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە.

ئاماژەی بەوەیش دا، كەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم دیاری كرد، ئەوكات ڕاستەوخۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایان دەسپێرت بۆ پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەت.

له‌لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ گوته‌بێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان (ئازاد جوندیانی) ، پێشتر بە هه‌مان سه‌رچاوه‌ی ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ وەك یەكێتی لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی سكرتێری گشتیی (جەلال تاڵەبانی) لە دەرەوە ده‌كه‌ن و پاش ئه‌وه‌ی كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت دیاری ده‌كه‌ن.


بەپێی ئەو رێككەوتنە ستراتیجییەی لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئیمزا كراوە، دوو ساڵ جارێك پۆستی سەرۆكایەتیی حكوومەت لە دەست یەكێكیاندا دەبێ، ئەو رێككەوتنە كە لە كابینەی پێنجەمی حكوومەتەوە كاری پێ دەكرێ، سەرەتا پارتی دوو ساڵ سەرۆكایەتیی حكوومەتی وەرگرت، دواتر یەكێتی رازی بوو پارتی دوو ساڵی تر حكوومەتی بەدەستەوە بێ و چوار ساڵ تەواو بكا.
Top