دوو مانگی دیكە هەڵبژاردن بۆ لق و ناوچەكانی پارتی ئەنجام دەدرێت

دوو مانگی دیكە هەڵبژاردن بۆ لق و ناوچەكانی پارتی ئەنجام دەدرێت
لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، پارتیی دیموكراتی كوردستان هەڵبژاردن بۆ دەستەی كارگێڕیی لق و ناوچە و ڕێكخراوەكان ئەنجام دەدات.

بەرپرسی لقی دووی پارتییش پێی باشە كە تاوەكوو مانگی 3 ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی پێ بێت، بۆ ئەوەی كاریگەریی لەسەر ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نەبێت.

دوابەدوای ئەنجامدانی كۆنگرەی 13 و هەڵبژاردنی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی لە ساڵی ڕابردوودا، پارتیی دیموكراتی كوردستان ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی كادیر و كارگێڕانی لق و ناوچە و ڕێكخراوەكان دەكات.

بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان (خەسرۆ گۆران) بە \"هەولێر\""ـی ڕاگەیاند كە لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا پارتی هەڵبژاردن بۆ كارگێڕانی لق و ناوچە و ڕێكخراوەكان ئەنجام دەدات.

بە گوتەی (خەسرۆ گۆران) كارگێری لق و ئەندامی ناوچە و ڕێكخراوەكان لە ڕێگەی دەنگی ئەندامانی حزبەوە هەڵدەبژێردرێن.
(خەسرۆ گۆران) ئاماژەی دا كە ئەو كەسانە وەكوو بەرپرسی لق دادەندرێن كە ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتین، لێ مەكتەبی سیاسی بۆی هەیە كە كەسێك لە دەرەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی دابنێت.

سەبارەت بەوەی كە ئایا ئەو هەڵبژاردنە ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگاكانیش دەگرێتەوە، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنەكانی پارتی ئەوەی خستە ڕوو كە تاوەكوو ئێستا ئەم بابەتە تاوتوو نەكراوە.

بەرپرسی لقی 2ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر (عەلی حوسێن) كە ئەو هەڵبژاردنە وەكوو درێژەپێدەری بەرنامەی نوێبوونەوەی حزبەكە هەژمار دەكات، ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە بە پێویست دەزانێت و دەڵێت كە ئەو هەڵبژاردنە دەرفەت بۆ كۆمەڵێك گەنجی چالاك فەراهەم دەكات كە بە بەرنامە و دیدی نوێوە بێنە پێشەوە.

وەكوو بەرپرسی لقی دووی پارتی ئاماژەی بۆ كرد، ئەوان پێشووتر بڕیاریان داوە كە لە مانگی 3ـدا ئەنجام بدرێت، لێ بە هۆی سەرقاڵبوون بە پرسی ئاڵوگۆڕی حكوومەتەوە وادەكە دوا كەوتووە.

(عەلی حوسێن) پێی باشە كە تاوەكوو سەرەتای مانگی 3 ئەم هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت، بەو پێیەی كە كاریگەریی بەسەر ئامادەكەرییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نەبێت و وادەی پێویستیان هەبێت كە خۆیان بە باشی ئامادە بكەن."
Top