(ئەرسەلان باییز) دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان
(موفتی) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد: “جێگری ئێستای سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (ئەرسەلان باییز) بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە خولی داهاتوودا كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.”
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان(فوئاد حوسێن) دوێنێ لە شاری هەولێر ڕایگەیاند كە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەكلا بووەتەوە، بەڵام با بەرپرسێكی یەكێتی ناوەكەی ئاشكرا بكات.
(موفتی) هەروەها گوتیشی: “تا ئێستا بە فەرمی باس لەو مەسەلەیە نەكراوە كە كێ بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم دیاری دەكرێت، پێشتریش (كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی) كاندیدی یەكێتی بووە، بەڵام كاندیدەكەی دیكە باسی لێوە نەكراوە.”
سەبارەت بە وەزیرەكانی ئێستای یەكێتییش، ڕایگەیاند: “وەزیرەكانی ئێستای یەكێتی دەستیان لە كار نەكێشاوەتەوە، بەڵام یەكێك لە وەزیرەكان بە ئێمەی ڕاگەیاندووە كە ئەگەر گۆڕانكاری لە حكوومەتدا بكرێ، ئەوا داوای لێبووردن دەكات.”
دەربارەی گەڕانەوەی پرۆژەی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمیش بۆ پەرلەمانی كوردستان، (عەدنان موفتی) گوتی: “دەبێ 2 لەسەر 3ـی پەرلەمانتارانی كوردستان ئەم داواكارییە پێشكەش بكەن، لە بنەڕەتدا گەڕانەوەی دەستووری هەرێم كارێكی هێندە ئاسان نییە، ڕەنگە پێداچوونەوە بە 2 تا 3 ماددەی ڕەشنووسەكەدا بكرێ، بەڵام گەڕانەوەی هەموو پڕۆژەكە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر.”
