سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان پێشوازى له‌ باڵیۆزى نوێى توركیا له‌ عیراق ده‌كات

سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان پێشوازى له‌ باڵیۆزى نوێى توركیا له‌ عیراق ده‌كات
ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 23/1/2012 به‌رێز مسعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ به‌رێز یونس ده‌میره‌ر باڵیۆزى نوێى توركیا له‌ عیراق به‌ هاورێیه‌تى به‌رێز ئایدن سه‌لجه‌ن كونسوڵى گشتى ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان.

له‌ دیدارێكدا كه‌ فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت ئاماده‌بوو،، په‌یوه‌ندیى دووقۆڵیى نێوان هه‌ردوولا تاوتووێكرا به‌و جۆره‌ى كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانى هه‌ر دوو گه‌لى كوردستان و توركیا زامن بكات و له‌و رووه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانى وێراى پیرۆزبایى كردن له‌ باڵیۆزى نوێى توركیا به‌ وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته‌ و هیواى سه‌ركه‌وتنى گرنگیى و كارى پێكه‌وه‌یى بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیى دۆستایه‌تى دوو لایه‌نه‌ دووپاتكرده‌وه‌ ، به‌ تایبه‌ت مكومكردنى په‌یوه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌كانى نێوان هه‌رێم و توركیا به‌و پێیه‌ى سوود بۆ هه‌ردوولا هه‌بێت له‌ بواره‌كانى سیاسیى و ئابوورى و بازرگانیى و گه‌شه‌پێدان و وه‌به‌رهێنان.

باڵیۆزى نوێى توركیاش خۆشحاڵى خۆى ده‌ربڕى به‌ دیداره‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانى و وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته‌ و رایگه‌یاند كه‌ رۆڵى سه‌رۆك بارزانى له‌ فراوانكردنى ئاسۆى هاریكاریى له‌گه‌ڵ كۆمارى توركیادا جێى رێزه‌ و سڵاوى سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیاشى به‌ سه‌رۆك بارزانى گه‌یاند و دووپاتیشكرده‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان توركیا و هه‌رێم پێشكه‌وتنى به‌رچاوى له‌ خۆ بینیوه‌ كه‌ ئه‌مه‌یش بۆ په‌یوه‌ندى خزمانه‌ و دۆستایه‌تیه‌كه‌ى نێوان هه‌ر دوولا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و هه‌روا بۆ ئه‌و بڕوایه‌ى كه‌ له‌ نێوانیاندا دروست بووه‌.

له‌ به‌شێكى ترى دیداره‌كه‌دا بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا ده‌ربارى پرۆسه‌ى سیاسى عیراق و كۆمه‌ڵێك بابه‌ت كه‌ جێى بایه‌خى هه‌ر دوولایه‌ .
Top