بزووتنەوەی ئیسلامی داوای وەزارەتێك و پۆستی دیكەیش دەكات

بزووتنەوەی ئیسلامی داوای وەزارەتێك و پۆستی دیكەیش دەكات
بزووتنەوەی ئیسلامی كە تاكە حزبی ئیسلامی بوو لە كابینەی شەشەمدا، هێشتا پێوەندییان پێوە نەكراوە بۆ ئەوەی لە كابینەی حەوتەمدا بەشدار ببن، بەڵام حزبەكە بە شێوەیەكی سەرەتایی بەشداربوونی خۆیان ڕاگەیاندووە.
گوتەبژی ئەو بزووتنەوەیە (شوان قەڵادزەیی)، باس لەوە دەكات كە بەشدار دەبن و بڕیاری كشانەوەیان نەداوە، بەڵام وا باشترە بەشداریكردنەوەكە ڕەمزی نەبێت و بۆ ئاستەكانی دیكەیش دابەزێت.



بزووتنەوەی ئیسلامی، لە كابینەی شەشەمدا بە وەرگرتنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بەشدار بوون، بەڵام لە ئێستا دەیانەوێت بێجگە لە وەزارەتێك، هاوكات پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و شتی دیكەیشیان پێبدرێت.

بە گوتەی (قەڵادزەیی)، بەشداریكردنیان قورسایی بە حكوومەت دەدات، چونكە تەنیا حزبی ئیسلامیین كە لە حكوومەتدان.

پەرلەمانتاری بزووتنەوە لە پەرلەمانی كوردستان (د. ئەحمەد وەرتێ)، بۆچوونی وایە كە كاتی ئەوەیە تەنیا لە حكوومەتدا بەشدار نەبن و وەزارەتیان پێبدرێت، بەڵكوو دەیانەوێت لە دەستەڵات و بڕیاردانیشدا ڕۆڵیان هەبێت.



بزووتنەوەی ئیسلامی، ساڵی 1987-ەوە دامەزراوە و تا ئێستا 9 كۆنگرەی بەستووە و بە نیازن لەم ساڵدا كۆنگرەی دەیەم گرێ بدەن. لە هەڵبژاردنی 25ـی تەمووزی 2009ـدا، دوو كورسییان لە پەرلەمانی كوردستان بە دەست هێنا.
Top