ئەمڕۆ شاندێكى پەرلەمانى كوردستان سەردانى شرناخ دەكا

ئەمڕۆ شاندێكى پەرلەمانى كوردستان سەردانى شرناخ دەكا
ئەندامێكى پەرلەمانى كوردستان ڕاى گەیاند، ئەمڕۆ یەكشەم شاندێكى پەرلەمانى كوردستان بەسەردانێك دەگاتە دەڤەری شرناخى كوردستانى توركیا و هاوخەمی پەرلەمان و خەڵكی هەرێمی كوردستان بەكەسوكارى قوربانییانى ڕووداوەكەى ئەو ناوچەیە دەگەیەنن.

ئەحمەد وەرتی ئەندامى شاندەكە بە ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى ڕاگەیاند \"دواى ئەوەى ژمارەیەك لە ئەندامانى پەرلەمان لە هەموو فراكسیۆنەكان لە دواى ڕووداوەكەى شرناخ داواى بەسەركردنەوەى ئەو ناوچەیەیان كرد، سەرۆكایەتیى پەرلەمان ڕەزامەندى پێشاندا لەسەر ئەو داوایە و بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەم شاندێكی پەرلەمان كە لە 9 ئەندامى لیست و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان پێكهاتووە، سەردانى دەڤەری شرناخ بكەین\"" .

وەرتى گوتى \""لەو سەردانەدا بەهاوئاهەنگى بەرپرسانى ناوچەكە لەگەڵ بنەماڵەى قوربانییەكانی رووداوەكەی ئەو ناوچەیە كۆ دەبینەوە كە ماوەیەك بەر لە ئێستە بە هۆی بۆردوومانی باڵەفڕەكانی سوپای توركیاوە ژمارەیەك هاووڵاتی كاسبكاری هەژاری كورد بوونە قوربانی و هاوخەمی و هاودەردی پەرلەمان و خەڵكی هەرێمی كوردستانیان پێ رادەگەیەنین\"".

لە دواى ڕووداوەكەى ناوچەى شرناخ، ئەوە یەكەم شاندى ڕەسمیى هەرێمى كوردستانە كە ئەو ناوچەیە بەسەر دەكاتەوە و لەگەڵ كەسوكارى قوربانییانى ڕووداوەكە كۆ دەبێتەوە.

لە 29ی مانگی رابردوودا باڵەفڕەكانی توركیا بۆردمانی ژمارەیەك كۆڵبەری كوردیان لە ناوچەی شرناخ كرد و بەهۆیەوە نزیكەی 34 كەس هاتنە كوشتن و نێزیكەی 15ی تریش بریندار بوون، ئەوەیش گرژییەكانی نێوان كوردەكان و دەوڵەتی توركیای زیاتر كرد.

حكوومەتی توركیا رای گەیاند رووداوەكە بە هەڵە رووی داوە و باڵەفڕەكان پێیان وابووە ئەو كەسانە ئەندامى سەر بە پارتى كرێكارانى كوردستانن و بڕیاری دا بە زوویی قەرەبووی قوربانییەكان بكاتەوە."
Top