كورد ڕەتی دەكاتەوە لەگەڵ هیچ لایەنێك لەبارەی پڕۆژەی هەرێمی كەركووك لە گفتوگۆدا بێ

كورد ڕەتی دەكاتەوە لەگەڵ هیچ لایەنێك لەبارەی پڕۆژەی هەرێمی كەركووك لە گفتوگۆدا بێ
دوای ئەوەی بەرەی‌ توركمانی‌ رای گەیاند لەگەڵ سەرانی‌ كورد لە دانوستاندان لەبارەی پرۆژەی‌ دامەزراندنی‌ هەرێمی‌ كەركووك، نوێنەری كورد لە لێژنەی باڵای مادەی 140 ئەوە رەت دەكاتەوە.


عەلی‌ مەهدی‌ گۆتیاری بەرەی‌ توركمانی‌ لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رادیۆی‌ نەوا ڕای گەیاند، لەگەڵ كورد چارەنووسێكی‌ هاوبەشمان هەیە لە عێراقدا چونكە لە یەك جوگرافیا دەژین و ئێستە لەگەڵ سەرانی‌ كورد لە دانوستانداین لەبارەی پرۆژەی‌ دامەزراندنی‌ هەرێمی‌ كەركووك.

دوای ئەوەی پارێزگەی سەڵاحەدین لە 27/10/2011 و ئەنجوومەنی پارێزگەی دیالە لە 12/12/2011 داوای هەرێمی سەربەخۆیان راگەیاند، ئێستە چاوەڕوان دەكرێ ئەنبار هەمان داوا ئاراستە بكات و بەشێك لە توركمانی كەركووكیش هەمان ئارەزوو دەكەن.

بەڵام محەمەد ئیحسان نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێژنەی باڵای مادەی 140 بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، هەموو ئەو هەواڵانە ڕەت دەكەینەوە كە باس لەوە دەكەن توركمان لەگەڵ كورد لە دانوستاندندایە لەبارەی پڕۆژەی هەرێمی كەركووك.

ئیحسان كە هاوكات رێكخەری نێوان هەرێمی كوردستان حكوومەتی عێراقیشە، دووپاتی كردەوە كە كورد نە لەگەڵ بەرەی توركمانی نە لەگەڵ هیچ لایەنێكی تر، هیچ گفتوگۆیەكی نییە لەبارەی كەركووك و هیچ دانووستانێكیشیان نەكردووە.

كەركووك یەكێكە لە ناوچە سەرەكییە كێشەدارەكانی نێوان هەرێمى كوردستان و حكوومەتى عێراق، مادەى 140ى دەستوورى هەمیشەییى عێراق بۆ چارەسەركردنى دانراوە.
Top