سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ده‌كات
ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 14/1/2012 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ به‌رێز فه‌ره‌یدون سینیرلی ئۆغلو جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و شاندێكی یاوه‌ری.

له‌ دیدارێكدا ، كه‌ به‌رێزان نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و د.فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ی بوون ، گفتوگۆ كرا له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا و گوڕانكارییه‌ سیاسییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا و دوا په‌ڕه‌سه‌ندنه‌كانی ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ی كه‌ دووچاری پرۆسه‌ی سیاسی عیراق بۆته‌وه‌ .

سه‌رۆك بارزانی گرنگیی كاركردنی هاوبه‌شی دووپاتكرده‌وه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ر دوولاو چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو مه‌سه‌له‌كان له‌ سه‌ر بنه‌مای لێكتێگه‌یشتن و دیالۆگ و په‌ره‌پێدانی ئاشتی له‌ ناوچه‌كه‌دا و له‌م باره‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌یكرد به‌وه‌ی كه‌ ئه‌زمونه‌كان سه‌لماندوویانه‌ كه‌ كاری سه‌ربازی و چه‌كداری رێگه‌ چاره‌ نین بۆ كێشه‌كان ، به‌ڵكو دیالۆگ و پابه‌ندبوون به‌ پێودانگه‌ دیموكراتییه‌كان .

له‌ به‌رامبه‌ردا به‌رێز سینیرلی ئۆغلو وێرای ته‌ئكیدكردن له‌ سه‌ر گرنگی لێك تێگه‌یشتن بۆ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئێستای ناوچه‌كه‌ ، په‌رۆشی حكومه‌تی توركیای بۆ سه‌رۆك بارزانی دووپاتكرده‌وه‌ له‌ هاریكاری و كاری هاوبه‌ش بۆ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوولا .

سه‌باره‌ت به‌ ته‌نگژه‌ سیاسیه‌كه‌ی عیراقیش سه‌رۆك بارزانی و سینیرلی ئۆغلو هاوڕا بوون له‌ سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ له‌ به‌رێوه‌بردنی وڵاتدا .
Top