ئەم هەفتەیە كۆنفڕانسی پلانی هەرێمی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان سازدەكرێت

ئەم هەفتەیە كۆنفڕانسی پلانی هەرێمی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان سازدەكرێت
لە چوارچێوە ئەو گرنگیدانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مافەكانی مرۆڤ و سەروەری یاسا و ئازادییەكان و مافەكانی ئافرەتان و منداڵان دەیدات، بڕیارە لە رۆژی سێ شەممە رێكەوتی 10/1/2012 لە هەولێری پایتەخت كۆنفرانسی پلانی كاری هەرێمی مافەكانی مرۆڤ ساز بكرێت .

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەری dfr.krg.org د. دیندار زێباری یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند: بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان و نوێنەران و دیپلۆماتكارانی بیانی لە هەرێم، لە رۆژی سێ شەممە رێكەوتی 10/ 1/ 2012 ، لە هەولێری پایتەخت ئەم كۆنفرانسە سازدەكرێت .

بەڕێزیان ئاماژە بەوەش كرد كە كۆنفرانسی راگەیاندنی پلانی كاری مافەكانی مرۆڤ، پشت دەبەستێت بە راسپاردەكانی ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە چوارچێوەی راپۆرتی خولی گشتی UPRكە بنەمایەكی گرنگە بۆ دارشتنی پلانی هەرێمایەتی بە ئامانجی باشتركردنی رەوشی مافی مرۆڤ لە عیراق و هەرێمی كوردستان تاوەكو ساڵی 2014 .

یاریدەدەری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە سەبارەت بە راسپاردەكانی ئەنجوومەنی ناوبراو رایگەیاند لە كۆی گشتی ( 176) راسپاردە ، دەوڵەتی عیراق فیدراڵ تائێستا ( 135) راسپاردەی قەبوڵ كردووە وهەرێمی كوردستانیش پشكێكی ئەم راسپاردانەی بەردەكەوێت ودەبێ لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوو دا كاری لەسەر بكات.

سەبارەت بە راسپاردەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستانیش د.دیندار زێباری وتی: ئەم راسپاردانە بەسەر چەند تەوەرێك دابەشبوونە وەكو سەروەری یاسا، بەندیخانە وسزاكان، مافەكانی ئافرەتان، مافەكانی منداڵان، ئازادییەكان و ئازادی رۆژنامەگەری و گروپە فەرامۆشكراوەكان.

Top