كۆمسیۆن: 26 قەوارە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێم دەكەن
هەندرێن محەمەد بەرپرسی لقی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لە دوای هەڵبژارنی پەرلەمانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان لە 25ی تەمووز/یۆلیۆی ساڵی 2009 تەنیا لە هەولێر 10 قەوارەی سیاسی بەشدارییان لە كێبەركێی هەڵبژاردنەكاندا كرد.
زیاتر گوتی، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانیشدا كە بڕیارە لە كۆتای ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵ بێتە ئەنجامدان، ئەو 10 قەوارەیە لای ئێمە ناوەكانیان هەیە ئەگەر زیاتر نەبن، هەروەها روونی كردەوە، لە 20ی ئایار/مایۆ تا 10ی حوزەیران/یۆنیۆی داهاتوو تۆماری دەنگدەران دەست پێ دەكا و پێویستە پێداچوونەوەى تەواو بەو پرۆسەیەدا بكرێ.
لای خۆیەوە، عەلی قادر سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، كۆمسیۆن هەوڵ دەدا دوای تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان و پەسەندكردنیان ماوەیەكی زۆر نەبا بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن تا لەڕووی مایەكییەوە قەوارەكان بەیەكسانی بتوان هەڵمەتەكانیان بەڕێوە ببەن.
روونی كردەوە، لە هەڵبژاردنی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان 35 قەوارە بەشێوەیەكی رەسمی داواكاریان پێشكێش كرد بۆ بەشداریكردن، بەڵام دواتر ژمارەیەكیان كشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند و 26 قەوارە مانەوە، پێشبینی دەكەین ئەو 26 قەوارەیە بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگەكان بكەن.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 27ی ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵی /2012/ وەك وادەى هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی هەرێم دیاری كردووە كە زیاتر لە 6 ساڵە نەهاتووەتە ئەنجامدان.
