ئەمساڵ كاری سەرەكی نەتەوە یەكگرتووەكان، كەركوكە

ئەمساڵ كاری سەرەكی نەتەوە یەكگرتووەكان، كەركوكە
مارتن كۆبلەر نوێنەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی، ئێستە عێراق لە كاتێكی مێژووییدایە كە برێتییە لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە وڵاتەكە و هەروەها بەرنامەی سەرەكیی ڕێكخراوەكەی لە 2012دا برێتییە لە كاركردن لە كەركووك.

كۆبلەر گوتی، كەركووك كێشەیەكی گرینگە و دەكەوێتە ناو دەسەڵاتی نەتەوە یەكگرتووەكان كە برێتییە لە چارەسەركردنی كێشەكانی سنوور.

ئاماژەی دا، دوای كشانەوەی 2 حەوتوو لەمەوبەری ئەمەریكا، ئێستە دەرفەت لە پێش خەڵكی كەركووك و موسڵدایە هەڵبژاردن بكەن و بەیەكەوە ژیانێكی باشتر بەسەر ببەن و ئێستە هەست بەجووڵەیەك دەكەم لە شاری كەركووك بۆ هەڵبژاردن، وارگەی \"عەرەبییە\""ی سعوودیەیی بڵاوی كردەوە.

لە هەموو چەند حەوتووەكدا بەرنامەیەكی ڕاوێژكاریمان لەگەڵ دەسەڵاتی هەردوو شاری كەركووك و موسڵدا هەیە بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دۆخی هەردوو شار بدۆزینەوە كە گرینگتریان خۆی لە كێشەی سنووریدا بەرجەستە دەكا، نوێنەرەكە گوتی.

ئێستە عێراق لە كاتێكی مێژووییدایە كە برێتییە لە كشانەوەی ئەمەریكا لە وڵاتەكە و ئەو دەرفەتەی لە پێش وڵاتەكەیە بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێ لە ڕووی تەناهییەوە و پێشم وایە دەتوانێ، كۆبلەر گوتی.

زیاتر گوتی، لە 2006 و 2007دا وەك باڵوێزی ئەڵمانیا لە عێراق كارم كردووە، ئەو كاتە وڵاتەكە لە دۆخێكی خراپدا بوو، ئەوە ئێستە گەڕامەوە دوای 4 ساڵ بۆ عێراق، هەست دەكەم توندتیژی بەشێوەیەكی بەرچاو كەم بووەتەوە و ڕۆژانە لە نێوان 5 تا 15 كەس گیان لەدەست دەدەن، ئەوەش واتە هێشتا كاتی ڕەحەتی نەهاتووە، سەرەڕای باشتربوونی دۆخی تەناهی.

كۆبلەر گوتی، ئەوەی لەسەر ڕێكخراوەكەیە كێشەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی هاوسێ باشتر بكا بەتایبەت لەگەڵ كوێت، بنكەیەكیشمان لە تارانی پایتەختی ئێران هەیە و كاری ڕێكخراوەكە بەشێوەیەكی سەرەكی برێتییە لەچاكتركردنی ناوچەكە لە ڕێگەی ئەندامانی.

نوێنەرەكە گوتی، چوومە كوێت و گفتوگۆی بەندی (7)ەمم لەگەڵ دەسەڵاتدارانی وڵاتەكە كرد كە پێك هاتووە لە كێشەی قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتییانی سنوور، بەڕێوەبردنی سنووری نێوان هەردوو وڵات و هێڵی ئاسمانیی عێراق و تا ئێستە نێزیكەی 670 بڕیار لەم باریەوە ڕەت كراوەتەوە و لێژنەیەكی هاوبەشیش لەم بارەیەوە پێك هاتووە، بڕیاریشە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەم بارەیەوە لەم نێزیكانە بچێتە كوێت.

لە كۆتادا كۆبلەر گوتی، هێشتا ئاستی كاركردنی هێزەكانی تەناهیی عێراق بەشێوەیەكی باش نییە تا ڕۆژانە قووربانیی توندتیژی لە وڵاتەكەدا هەبێ."
Top