پێوەندیكردنی هەردوو سەرۆكایەتیی كۆمار و هەرێم بە ئەرێنی دەزانین

پێوەندیكردنی هەردوو سەرۆكایەتیی كۆمار و هەرێم بە ئەرێنی دەزانین
دوو هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان پێوەندیكردنی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە ئەرێنی دەزانن.

دوێنێ هەینی بۆ جاری دووەم لە دوای راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009دا، جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق و نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان پێوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجام دا و دوایین گۆڕانكارییەكانی دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد. لە چەند رۆژی رابردووشدا فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام دا.

لەتیف مستەفا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی گۆڕان بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند: پێوەندیكردنی سەركۆمار بە ڕێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان پاش ئەوە دێت كە دۆخێكی تایبەت هاتە ئاراوە لە عێراق و بەدەستپێشخەرییەكی زۆرباشی دەزانین و ئەو پێوەندییانەش بۆ وەرگرتنی ڕای بزووتنەوەی گۆڕان بووە لەسەر ئەو دۆخە.

زیاتر گوتی: پێوەندیكردنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی كۆمار بە بزووتنەوەی گۆڕان كارێكی ئەرێنییە و هێمای ئەوەیە كە عەقڵییەتی ئەم دوو دەسەڵاتە گۆڕاوە.

لای خۆیەوە محەمەد تۆفیق ڕەحیم سەركردەی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان بە(ئاكانیوز) ی ڕاگەیاند لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی كۆمارەوە پێوەندی بە بزووتنەوەكەمان كراوە بۆ زانین و وەرگرتنی ڕای بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر دۆخی ئێستەی عێراق و ئەو پێوەندیكردنە بە ئیجابی دەزانین.

لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، تۆفیق گوتی \"ئەوە هەر لەسەر دۆخی ئێستەی عێراق بووە و پاش ئەوە چی تر دەبێ دیار نییە\"".

لەو كاتەی دواین سەربازی ئەمەریكایی لە عێراق كشایەوە، پێوەندییەكانی هەردوو لیستی گەورەی ناو پەرلەمان و حكوومەتی عێراق (دەوڵەتی یاسا و عێراقییە) لە دۆخێكی گرژدایە، بەتایبەت دوای راگەیاندنی بە هەرێمبوونی هەردوو پارێزگەی سەڵاحەدین و دیالە لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگەكانیانەوە، كە لە لیستی عێراقییەن."
Top