وەزارەتی ناوخۆ: پابەند نین بە بڕیاری بەغدا بۆ گرتنی هاشمی
فائیق تۆفیق بریكاری وەزارەتی ناوەخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، پرسی دەستبەسەركردن یان نەكردنی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق هیچ پێوەندییەكی بەوەزارەتی ناوەخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە.
روونی كردەوە، تا ئێستە وەزارەتی ناوەخۆی حكوومەتی هەرێم هیچ یاداشتێكی دەستبەسەركردنی هاشمی لەلایەن هیچ لایەنێكەوە بەدەست نەگەیشتووە.
هەروەها ئاماژەی كرد، هیچ یاداشتێكی گرتنی هاشمی جێبەجێ ناكەین تا بڕیاری دادگەیەكی ناوەخۆی هەرێمی لەگەڵدا نەبێ.
هەر پەیوەست بەم باسەوە سەرچاوەیەك لە باڵەفڕگەی ناودەوڵەتیی هەولێرەوە بۆ (ئاكانیوز) رای گەیاند، تا ئێستە باڵەفڕگەی هەولێر هیچ جۆرە یاداشتێكی لەبارەی گرتن یاخۆ قەدەغەكردنی گەشتی هاشمییەوە بەدەست نەگەیشتووە.
ئەم لێدوانەدوای ئەوە هات، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق فەرمانی گرتنی بۆ تاریق هاشمیی جێگری سەركۆمار لە لیستی عێراقییە دەركرد، ئەویش پاش ئەوەی ژمارەیەك لە پاسەوانەكانی لە دانپێدانانەكانیاندا هاشمییان بەتێوەگلان لە كردەوە توندوتیژییەكان تۆمەتبار كرد.
بەڵام هاشمی رووی لە هەرێمی كوردستان كرد و دوێنێ سێشەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر داوای كرد، بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەری لە دادگەییكردنیدا، فایلی لێكۆڵینەوەكەی بۆ هەرێمی كوردستان بگوێزرێتەوە.
لای خۆیەوە ئەمڕۆ چوارشەم نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكدا داوای لە هاشمی كرد بۆ دادگەییكردن بگەڕێتەوە بەغدا و داوای لە حكوومەتی كرد هەرێم جێگری سەركۆمار بەدەست بەحكوومەتی عێراق بداتەوە.
