ناوه‌ندی وه‌رگرتنی قوتابیان هه‌ڵنه‌وه‌شێنراوه‌ته‌وه
ڕۆژی 18/12/2011 دا هەوالێک بڵاو کراوەتەوە كه گوایه وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ناوه‌ندی وه‌رگرتنی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه، لێره‌دا به پێویستی ده‌زانین كه زانیارییه‌کان بۆ ڕای گشتیی روون بکەینەوە. سه‌ره‌تا له‌و نوسراوه ده‌ستپیبكه‌ین، كه گوایه ناوه‌ندی خوێندنی پێ هه‌لوه‌شاوه‌ته‌وه. ئه‌م نوسراوه فه‌رمانێكی وه‌زارییه و به ژماره (946) له 12/12/2011 ئاراسته‌ی گشت لایه‌نه مهعنییهكان كراوه‌و به هیچ شێوه‌یه‌ك فه‌رمانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ناوه‌ندی وه‌رگرتنی تێدا نییه و هیچ ڕسته‌یه‌كی له‌و شێوه‌شی تێدا نییه، به‌ڵكو باس له‌وه كراوه، كه ناوه‌ندی وه‌رگرتن له ناو په‌یكه‌ری وه‌زاره‌تدا جێگیر ده‌كرێت.
ئێمه لێره‌دا ڕایده‌گه‌یه‌نین، كه به پێچه‌وانه‌وه‌ی هه‌واڵه نێگه‌تیڤه‌كان، له وه‌زاره‌تمانه‌وه ڕۆڵه پیرۆز و گرنگه‌كه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ناوه‌ندی وه‌رگرتن هه‌رده‌م به‌رز نرخێندراوه، و له ئێستا و له ئاینده‌شدا به ته‌كنۆلۆژیای زانیاری و به تیمی شاره‌زایان و لێهاتوو و خاوه‌ن ئه‌زموونی سه‌رده‌میانه ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كرێت، و له خزمه‌تكردنی قوتابیان و خوێندكاران‌دا به‌رده‌وام ده‌بێ. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پڕۆسه‌یه‌كی چاكسازی كارگێڕی و لۆجیستی ده‌ستی پێ كراوه به‌و شێوه‌یه‌كی خواره‌وه:
یه‌كه‌م: بڕیار دراوه كه ناوه‌ندی وه‌رگرتن له باڵه‌خانه‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌ی دیوانی وه‌زاره‌ت بگوازرێته‌وه ناو دیوان. ئه‌وه چه‌ندین ساڵه ناوه‌ندی وه‌رگرتنی قوتابیان باڵه‌خانه‌یه‌كی له ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌ت به كرێی ساڵانه زیاتر له بیستوچوار هه‌زار دۆلار ( 24000 $) بۆ گیراوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له ناو دیواندا شوێنی گونجاوی تایبه‌ت به‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه دروستكراوه، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێ نهگوازراوهته ناوه‌وه. ئیمساڵیش باڵه‌خانه‌ی نوێتریش له ناو وه‌زاره‌ت دروستكراوه و هیچ پاساوێك نه‌ماوه‌ته‌وه بۆ به‌رده‌وام بوون له زێده خه‌رجكردنی كرێی باڵه‌خانه و خه‌رجی حه‌وانه‌وه تێیدا.
دووه‌م: له كۆنه‌وه، ناوه‌ندی وه‌رگرتن وه‌ك به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆ و به ده‌سه‌لات و ئیمتیازاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی گشتیی كاری كردووه و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێكی زێده‌ی هه‌بووه بۆ لایه‌نی دارایی، میلاكات، خۆیه‌تی، شوفێر و به‌رده‌ست و هیتر. به‌ڵام له دوای دروستبوونی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له ساڵی 2006 ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه پێویستی به‌و فه‌رمانبه‌ره زێدانه نه‌مابوو و ده‌كرا له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه تایبه‌تمه‌نده‌كان جێگه‌یان بۆ بكرابایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كاری دووپات و خه‌رجی زێده كه‌م بكرێته‌وه. ئێستاش له دوای به ئه‌لیكترۆنیكردنی پڕۆسه‌ی ناوه‌ندی وه‌رگرتن، ئیتر كاتی ئه‌وه هاتووه زیاتر بووه‌ته كارێكی پێویست و هه‌نووكه‌یی.
سێیه‌م: دیاره ئامانجی سه‌ره‌كی له‌و گۆڕانكاریه كارگێڕیهدا بریتیه له ڕێگرتن له به‌هه‌ده‌ردانی ماڵ و سامانی خه‌لك، وه خه‌رج كردنی ئه‌و بودجه‌یه له نوێ كردنه‌وه‌ی سیسته‌م. له ساڵی ئیمساڵدا، پڕۆژه‌ی زانكۆلاین (پێشكه‌شكردنی ئه‌لیكترۆنی) داهێنرا. به پێچه‌وانه‌ی لێدوانه‌كانی ناو ڕاپۆرته‌كه، ئه‌م پرۆژه‌یه زۆریش سه‌ركه‌وتوو بوو و له ڕێگه‌ی ئه‌و ستافه خۆماڵیه‌ی، كه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێكهینرابوو و كار و شه‌ونخونی زۆری بۆكرا، تاكو له كۆتاییدا، توانرا به‌سه‌ر گرفته‌كان زاڵبین و هه‌موو قوتابیان فۆڕمهكهكه پڕ كرده‌وه. بۆیه پڕۆژه‌كه نه‌ك ته‌نیا له چه‌ندین ڕووه‌وه سه‌ركه‌وتوو بوو به‌لكو خه‌رجی دارایی به ڕاده‌یه‌كی زۆر كه‌م كرده‌وه. خه‌رجی داهێنانی پڕۆگرانی زانكۆلاین له ده هه‌زار (10,000) دۆلار تێنه‌په‌ڕی، كه‌چی ته‌نیا كرێی چاپكردنی ڕێبه‌ر و فۆڕمی تیشكی گه‌یشته سه‌دو چل‌وپێنج هه‌زار ($145,000) دۆلار، ئه‌وه‌ش جگه له چه‌ندین خه‌رجی تری جۆراوجۆری په‌یوه‌ندیدار.
چواره‌م: له باره‌ی ئه‌وه‌ی، كه بڕیاره‌كه نهێنی و له ناكاو بووبێ، ئێمه هه‌موو لایه‌ك دڵنییا ده‌كه‌ینه‌وه، كه ئه‌و بڕیارانه‌ی وه‌زاره‌ت به ڕوون و شه‌فافی و له چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی كراوه‌دا باسیان لێوه كراوه و به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی وه‌رگرتن خۆیشی به‌شدار بووه له پڕۆسه‌ی ڕاوێژ كردن و بڕیاردان. ئه‌و گۆڕانكارایانهش به‌شێكن له پڕۆسه‌ی ڕیفۆرمی سیسته‌می كارگێڕی وه‌زاره‌ت و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی كواڵیتی خزمه‌تگوزاریه‌كان و به‌ده‌ستهێنانی باشترین به‌رهه‌م به كه‌مترین خه‌رجی دارایی.
