لە (10) ڕۆژدا (5) وەزیر بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێن
پەرلەمانتارێكی كوردستانیـیش، پێی وایە كە لێپرسینەوە لە وەزیرەكان لە بەرژەوەندیی لیستی كوردستانیدایە.
وا بڕیارە پەرلەمانی كوردستان پێش پشووی سەری ساڵ چوار وەزیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی پەرلەمان بكات، سەرجەم ئەو وەزیرانەیش (وەزیری كارەبا و سامانە سرووشتییەكان و ناوخۆ و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن) دەبێت پێش كۆتایی ئەم مانگە لە پەرلەمان بن و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران بدەنەوە.
هاوكات بڕیاریشە چوارشەممەی ئەم هەفتەیە سەعات (3)ـی دوای نیوەڕۆ وەزیری دارایی (باییز تاڵەبانی) لە كۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەماندا ئامادە بێت.
بەڵام بە هەموو ئەوانەیشەوە، ئەگەرچی بانگكردنی وەزیرەكان یەكێك لە داواكارییەكانی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن بووە و زۆر جارانیش تانەی ئەوەیان لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوە كە ئەركی چاودێریی پەرلەمانیان لە بیر كردووە، بەڵام بانگهێشتكردنی (5) وەزیر لە كەمتر لە (10) ڕۆژدا لە لایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە، ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان و بە دیاریكراوی فڕاكسیۆنی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامیـی تووشی قەیرانی بیانوو كردووە و لە ئێستایشدا بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانیان لە كاتی بانگهێشتكردنی وەزیرەكاندا كردووە.
ئۆپۆزسێۆن داوا دەكات واز لە میوانداری بهێندرێت
پەرلەمانتاری سەر بە فڕاكسیۆنی گۆڕان (نەریمان عەبدوڵڵا) بە “هەولێر”ـی گوت: “پێشتر ئێمە داوامان كردووە كە پەرلەمانی كوردستان واز لە میوانداری بهێنێت، چونكە شتێك بە ناوی میواندارییەوە لە پێڕۆی ناوخۆی پەرلەماندا نەهاتووە، لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لە هۆكاری بایكۆتكردنەكان پەنجەیان لەسەر ئەوەیش دانابوو كە پەرلەمان جێگەی كۆنفڕانسی ڕاگەیاندنی وەزیرەكان نییە، كە تەنیا باس لە كار و چالاكییەكانیان بكەن و لێپرسینەوەیەكیش لە ئارادا نەبێت.”
پەرلەمانتاری سەر بە فڕاكسیۆنی كوردستانی (عەبدولسەلام بەرواری) بە “هەولێر”ـی گوت: “خوزگە ئۆپۆزسیۆن ئەو كاتەی وەزیری ئەوقاف بانگهێشتی پەرلەمان كرابوو، هۆڵەكەیان جێ نەهێشتبا، بۆ ئەوەی بیاندیتبایە كە فڕاكسیۆنی كوردستانی چۆن بە ڕاشكاوی پرسیاری لە وەزیری پێوەندیدار كردووە.”
بە باوەڕی (بەرواری) سرووشتی دەستەواژەی بانگهێشت یان میوانداری، كاریگەری لە ئەركی پەرلەمان ناكات، چونكە لە هەر حاڵەتێكدا وەزیری پێوەندیدار وەڵامی گونجاوی نەبێت، دەبێ لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت. ئەو پەرلەمانتارەی فڕاكسیۆنی كوردستانی، ئەوەیشی خستە ڕوو كە لە بەرژوەندیی لیستی كوردستانیدایە كە لێپرسینەوە لە حكوومەت بكات، چونكە ئەوان نوێنەرایەتیی جێبەجێكردنی بەرنامەیەكی فراوان دەكەن، كە بەڵێنیان بە جەماوەری كوردستان دابوو.
لە لایەكی دیكەیشەوە، لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە باسی ئەوەیش دەكرا كە ئەولەوییەت لە وەزارەتەكاندا هەیە و دەبێت وەكوو ئەولەوییەتی یەكەم وەزیری كارەبا و ناوخۆ و سامانە سرووشتییەكان بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن.
وێڕای هەموو ئەو پاساو و بیانوویانەی كە باس دەكران، پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیاندراوێكدا كە دەقەكەی لەسەر سایتی پەرلەمان دانراوە، هیچ كام لەو پاساوانەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنی تێدا بە دی ناكرێت، واتا جۆری بانگكردنەكەی وەزیرەكان میوانداری نییە و بانگهێشتكردنە، هاوكات هەموو ئەو وەزیرانەی كە چ فڕاكسیۆنی كوردستانی و چ فڕاكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن پێیان وا بوو ئەولەوییەتیان هەیە، بە فەرمی بانگهێشتی پەرلەمان كراون.
هەر بۆیەیش پەرلەمانتاری سەر بە فڕاكسیۆنی گۆڕان (نەریمان عەبدوڵڵا) بۆ “هەولێر”ـی ڕوون كردەوە كە لە ئێستادا سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەستی لەسەر ئەولەوییەتەكان بۆ نانگهێشتكردنی وەزیرەكان داناوە و هەر بۆیەیش ئەوان بەشداریی كۆبوونەوەكان دەكەن و پرسیارەكانی خۆیان ئاڕاستەی وەزیرەكان دەكەن.
