لە كۆبوونەوەى مەكتەبی سیاسی پارتیدا كانديدی حزبەكە بۆ سەرۆكی حكوومەت دیاری دەكرێ

لە كۆبوونەوەى مەكتەبی سیاسی پارتیدا كانديدی حزبەكە بۆ سەرۆكی حكوومەت دیاری دەكرێ
چاوەوەڕوان دەكرێ مەكتەبی سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكدا پاڵاوكى خۆى بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانى هەرێمی كوردستان دیاری بكا، هاوكات یەكێتیش لەتیف رەشید بۆ پۆستی جێگری سەرۆكى حكوومەت كاندید دەكا، رۆژنامەیەك گواستییەوە.

سەرچاوەیەك راى گەیاند، چاوەڕوان دەكرێ مەكتەبی سیاسیی پارتى دیموكراتى كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا پرسی دیاریكردنى پاڵاوكى خۆى بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دیارى بكا، كە ئێستە بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە یەكێتی نیشتیمانى كوردستان بەسەرۆكایەتیی جەلال تاڵەبانى ئەو پۆستە بەڕێوە دەبا.

بەپێی رێككەوتننامەی ستراتیجیی نێوان پارتی و یەكێتی لە ساڵی 2007 ئیمزا كراوە، هەردوولا بەنۆبەتی لە هەر خولێكی هەڵبژاردندا سەرۆكایەتیی پەرلەمان و حكوومەت ئاڵوگۆڕ دەكەن، چاوەڕوان دەكرێ لە سەرەتاى ساڵی داهاتووەوە ئەو پۆستە بەپارتى بدرێتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە حەوتووى رابردووفازل میرانى سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كۆواى سیڤیل راى گەیاند \"ئەگەر سەركەوتوو نەبووین لە پێكهێنانی حكوومەتی بنكە فراواندا لەوانەیە حكومەت وەربگرین‌ەوە‌و نێچیرڤان بارزانى نەكەینە سەرۆكی حكوومەت، چونكە ئێمە پێویستیمان بە نێچیرڤان بارزانییە لە زۆر بواری تردا، بۆیە موغامەرەی پێ ناكەین، بیكەینە شوێنگرەوەی حكوومەتێكی پڕ كێشە ‌و دۆخی ئۆپۆزیسیۆنیش بەم جۆرە بێ، ئەگەر هاتوو هەر كەسێكی ترمان پاڵاوت بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت پرس‌ و راوێژ بە یەكێتی دەكەین\"".

لەلایەكی تریشەوە سەرچاوەیەك لە سەركردایەتی یەكێتی راى گەیاند، جەلال تاڵەبانى سكرتێری یەكێتیی نیشتیمانى كوردستان، لەتیف رەشید وەزیری پێشووى سەرچاوە ئاوییەكان لە حكوومەتى عێراق بۆ پۆستی جێگری سەرۆكى حكوومەتى هەرێم كاندید كردووە، رۆژنامەى \""شەرقولئەوسەت\""ی لەندەنى لە ژمارەى ئەمڕۆ دووشەم گواستییەوە.


-ئاكانیوز"
Top