شێوازی بەرهەمهێنانی كارەبا بهم شێوهیهی ئێستا سامانی گەل بە فیڕۆ دەدات
ئەمە گوتەی وەزیری كارەبا (یاسین ئەبووبەكر)ـە كە بەو شێوەیە كێشەی كارەبا لە پەرلەماندا بۆ ڕۆژنامەنووسان شی دەكاتەوە.
لە یازدەی ئەو مانگەوە كارەبای نیشتیمانی لە 18 سەعاتەوە بۆ 12 سەعات دابەزی كە هۆكارەكەی بە گوتەی وەزیری كارەبا بۆ كەمیی سووتەمەنی دەگەڕێتەوە.
4 یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبای وێستگەی هەولێر و 4ـی دهۆك بە گازوایل كار دەكەن كە ڕۆژانە 6 ملیۆن و 400 هەزار لیتر گازیان پێویستە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەركی دابینكردنی ئەو سووتەمەنییەی لە ئەستۆدایە، بەڵام لە ئێستادا تووشی گرفتی دابینكردنی بووەتەوە.
هەرچەندە لیژنەی پیشەسازی و وزەی پەرلەمان بۆ ڕوونكردنەوەی ئەو گرفتە بانگهێشتی وەزیری كارەبا و سامانە سرووشتییەكانیان كردبوو، بەڵام تەنیا وەزیری كارەبا بەردەست بووە و وەزیری سامانە سرووشتییەكان لە دەرەوەی وڵاتە.
ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزەی پەرلەمان (عەبدوڵڵا مەلا نووری) ئاماژە بەوە دەدات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزیری سامانە سرووشتییەكانیش بۆ ڕوونكردنەوەی ئەو بابەتە بانگهێشتی لیژنەكەیان دەكەن. بەڵام وەزیری كارەبا لەسەر زاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دەگێڕێتەوە كە دابینكردنی ڕۆژانە 6 ملیۆن و 4 هەزار لیتر گاز، كارێكی زۆر قورسە.
پاڵاوگەكانی هەرێمی كوردستان توانای پاڵاوتنی ڕۆژانە ملیۆنێك و 400 هەزار لیتر گازیان هەیە، بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ناچارە ڕۆژانە 5 ملیۆن لیتر گاز لە دەرەوە بكڕێت.
بەو گازەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە دەرەوە كڕدراوە، دوو یەكە لەو 4 یەكانەی لە كار وەستابوون، كەوتوونەتەوە كار و كارەبا لە 12 سەعاتەوە بۆ 16 سەعات بەرز بووەتەوە، بەڵام ئەوە بە نرخێكی هەرزان ناكرێت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هەر لیترێك گاز بە شێوەی تێكڕا بە هەزار دینار دەكڕێت كە لە ساڵێكدا زیاتر لە ملیارێك و 520 ملیۆن دۆلاری تێ دەچێت.
ئەگەر ملیۆنێك و 400 هەزار لیترەكەی خۆیشمان بە نیوەی ئەو نرخە هەژمار بكەین، 425 ملیۆن دۆلاری تێ دەچێت كە هەردووكیان لە یەك ساڵدا نزیكەی 2 ملیار دۆلار لەسەر هەرێم دەوەستێت كە دەكاتە 20%ـی هەموو بودجەكەی و ساڵانە 40 هەزار خێزانی پێ لە كێشەی نیشتەجێبوون ڕزگار دەكرێت.
وەزیری كارەبای هەرێم ددان بەوەدا دەنێت كە بەرهەمهێنانی كارەبا لە ڕێگەی گازوایلەوە، پڕۆژەیەكی ئابوورییانە نییە و ئەوان پێشنیازی ئەوە بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دەكەن كە بەرهەمهێنانی غاز فراوان بكەن تاكوو لەو ڕێگەیەوە كارەبا بە نرخێكی هەرزانتر بەرهەم بهێنن.
هەرچەندە وەزیری سامانە سرووشتییەكان لەوێ نەبوو كە وەڵام بداتەوە، بەڵام وەزیری كارەبا لە جیاتی ئەو گوتی: “ئێستا ئەو وەزارەتە قسە لەگەڵ كۆمپانیای (دانەغاز)ـدا دەكات تاكوو وێستگەی دەرهێنانی غازی (كۆرمۆر) فراوانتر بكەن و غاز بۆ هەموو یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دابین بكەن.”
ئەمە لە كاتێكدایە كە پەرلەمانتار (عەبدوڵڵای مەلا نووری) دەڵێت: “ دەبووایە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە چەند ساڵی ڕابردوودا خەمی لە فراوانكردنی ئەو پڕۆژەیە خواردبا و كێشەكەی چارە كردبا.”
(عەبدوڵڵای مەلا نووری) دەڵێت: “ئەمڕۆ بۆم دەركەوتووە كە پلانێكی نیشتمانی و ستراتیژی بۆ وزە نییە و ئەوەی هەیە پلانی كاتی و ڕۆژانەیە. واتە ڕۆژانە بە پەلە گاز و كارەبا دابین دەكەن.”
وەزیری كارەبایش ئەمەی ڕاگەیاند كە ئەوان ناتوانن ببنە جێگرەوەی نەوت بۆ خۆگەرمكردنەوەی خەڵك. ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەندامی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی كوردستان پێی وایە ئێمە ناتوانین بە خەڵك بڵێین هیتەر دامەگیرسێنە لە كاتێكدا كە نەوتمان بۆ دابین نەكردبێت.
(عەبدوڵڵای مەلا نووری) دەڵێت: “ئەگەر نەوت نەدرێتە خەڵك، هیتەر دادەگیرسێنێت. ئەگەر داینەگیرسێنێت خۆی و وەزارەتی تەندروستی باجەكەی دەدەن. ئەگەریش دایگیرسێنێت، محاویلەكان دەسووتێن و دیسانیش سامانی گەل بە فیڕۆ دەچێت. بۆیە پێویستە نەوت دابین بكرێت و ئەو كاتە گوشاری سەر كارەبا كەم دەبێتەوە.”
وەزیری كارەبایش پێی وایە ئەگەر حكوومەت نەوتی پێویست بە پارەی خۆی بۆ خەڵك بكڕێت، هێشتا 6 جار هەرزانتر دەوەستێت لەوەی كە لە كارەبا خەرجی دەكات.
پەرلەمانتار (عەبدوڵڵای مەلا نووری) پڕۆژەیەكی پێشكەشی پەرلەمان كردووە كە لە وەرزی زستاندا 4 بەرمیل نەوت بە نرخی 15 هەزار دینار بە خەڵك بدرێت تاكوو ناچار نەبن كارەبا بە كار بهێنن.
ئێستاكە 50 كەس پاڵپشتیی ئەو پڕۆژەیان كردووە، بەڵام دیار نییە ئەو پارەیەی بۆ دابین دەكرێت یان نا؟
لە ئێستادا حكوومەت ساڵانە تەنیا 2 بەرمیل نەوت بە هاووڵاتیان دەدات كە نرخەكەی 40 هەزار دینارە.
-سایتی هەولێر
