شاندی هه‌رێمی كوردستان به جیا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كۆنگرێسمان ئاڵن وێست و تیم واڵبرێك كۆبۆوه
شاندی هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، كه پێكهاتووه له به‌ڕێزان فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و د.ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و قوباد تاڵه‌بانی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له واشنتن، رۆژی دووشه‌ممه 12/12/2011 به‌جیا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كۆنگرێسمان ئاڵن وێست ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا له پارتی كۆماری له سه‌ر ویلایه‌تی فلۆریدا و تیم واڵبرێك ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا له پارتی كۆماری له‌سه‌ر ویلایه‌تی مه‌شیگن، كه هه‌ردووكیان ئه‌ندامی گرووپی دۆستایه‌تی گه‌لی كوردستانن له كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا.
له هه‌ردوو دیداره‌كه‌دا شاندی هه‌رێمی كوردستان باسی له ره‌وشی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ئاسته‌نگانه كرد كه دێنه به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی و جێبه‌جێ كردنی ده‌ستوور و چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵواسراوه‌كان و ئه‌گه‌ره‌كانی دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق. هاوكات باسیان له سیاسه‌ت و تێڕوانینی هه‌رێم كرد له‌مه‌ڕ ئه‌و پرسانه.
هه‌ردوو كۆنگرێسمان ئاڵن وێست و تیم واڵبرێك دۆستایه‌تی خۆیان بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه‌و ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه گه‌لی كوردستان ئازار‌و چه‌وسانه‌وه‌ی زۆری بینیوه له رابردوو ، ئه‌مرۆِش كار بۆ ئاشتی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و پێكه‌وه‌ژیان ده‌كات بۆیه شایه‌نی ئه‌وه‌ن پشتگیری‌یان لێبكرێت.
ئاڵن وێست گوتی حكوومه‌تی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌بێ ده‌رفه‌تی زیاتری وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌پێدان بۆ هه‌رێمی كوردستان بڕه‌خسێنێ، كۆمپانیاكانی به‌شداریی له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمدا بكه‌ن و هانی چه‌سپاندنی فیدرالیه‌ت له له‌عێراقدا بدات. هه‌روا گوتی كه ده‌بێ ئه‌مه‌ریكا خۆی به قه‌رزاری هه‌رێمی كوردستان بزانێ، چونكه كورده‌كان له كاتی پرۆسه‌ی ئازادی عێراق پشتگیریی ته‌واوی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایان كرد.
هه‌ر له دیداره‌كانیان له‌گه‌ڵ كۆنگرێسمان و ئه‌ندامانی گرووپی دۆستایه‌تی گه‌لی كوردستان له كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا، شاندی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هه‌ردوو كۆنگرێسمانی كرد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته و داكۆكیكردنیان له دۆزی ره‌وای گه‌لی كوردستان و سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سیاسی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمی كوردستان.
شاندی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندبوونی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ دووپاتكرده‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر. هاوكات هه‌ڵسه‌نگاندنێكی خسته‌ڕوو سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ره‌كانی دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و هیوای خواست كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پێناسه‌یه‌كی روونی هه‌بێت بۆ په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.
كۆنگرێسمان تیم واڵبرێك خۆشحاڵی خۆی نیشاندا له به‌رامبه‌ر ئارامی و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵه‌كان بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانی هه‌رێم. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه ئه‌وان وه‌ك گرووپی دۆستایه‌تی گه‌لی كوردستان له كۆنگرێس هه‌ست به‌و ئه‌گه‌رانه ده‌كه‌ن كه رووبه‌ڕووی هه‌رێم ده‌بێته‌وه به‌تایبه‌ت دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق.
دوابه‌دوای كۆتایی هاتنی دیداری نێوان كۆنگرێسمان ئاڵن وێست له‌گه‌ڵ شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم، به‌ڕێزیان راگه‌یاندنێكی رۆژنامه‌وانی بڵاوكرده‌وه و تێیدا به دوور و درێژی باسی له گرنگی كۆبوونه‌وه‌كه و په‌یامی سه‌ره‌كی شاندی هه‌رێم و ئاكامی كۆبوونه‌وه‌كه كرد.
