دیندار زێباری داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان دەکات رۆڵیکی بەرچاوتر لەناوچە دابڕێندراوەکان بگێڕن

دیندار زێباری داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان دەکات رۆڵیکی بەرچاوتر لەناوچە دابڕێندراوەکان بگێڕن
دکتور دیندار زێباری یاریدەدەری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەردانی عەمانی پایتەختی ئوردنی دەکات و لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسان و دەستەی ئۆفیسی ئەم ئاژانسانە کە تایبەتن بە عێراق کۆدەبێتەوە بە مەبەستی زیاتر بەھێزکردنی شێوە ومیکانیزمەکانی ھاوکاری وھەماھەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی نێودەوڵەتی.
لەم بارەیەوە دکتور دیندار زێباری یاریدەدەری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند: بە مەبەستی باشترکردنی میکانیزمێک و ھاوکاری وھەماھەنگی زیاتر لە نێوان دەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان و ئاگاداربوون لە بەرنامە وکار وچالاکی وگیر وگرفتەکانیان لە عێراق بە گشتی وھەرێمی کوردستان سەردانی عەمانی پایتەختی شانشینی ئوردنمان کرد وچەندین دیدار وکۆبونەوەمان لە گەڵ بەرپرسان ودەستەی ئۆفیسەکانی ئاژانسەکانی نێودەوڵەتی کە تایبەتن بە رەوشی عێراق سازکرد .
وتیشی: لەو کۆبووەنەوانەدا جەختمان کردەوە لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان لە بەرنامە وپرۆژەکانی ئەم ئاژانسانە بۆ عێراق و بە تایبەتیش لە بوارەکانی تەندورستی وکشت وکاڵ وبودجە و بیناسازی ومەسەلەی کۆچ وکۆچبەران. د. دیندار داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بوونی زیاتریان ھەبێت لە ناوچە دابراوەکان تا لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشەکەبن ویارمەتی ئابووری و پەرەپێدانی شوێنە ھەژارەکان بدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد : لەو کۆبوونەوانەدا باس لەبەرنامە وپرۆژەکانی ئایندەی ئەم ئاژانسانە لە عێراق بە گشتی وھەرێمی کوردستان بەتایبەت وئەو کێشە وکرفتەنەی کە توشی ئاژانسەکانی نێودەوڵەتی دەبنەوە لە ھەرێمی کوردستان لە کاتی جێبەجێکردنی پرۆژە وبەرنامەکانیان کراوە و ئامادەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڕبریەوە بۆ ھەر ئاسانکای وھەماھەنگیەک لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی باشتر راپەراند وجێبەجێکردنی بەرنامە وپرۆژەکانیان لە ھەرێمی کوردستان.
Top