هەرێم (سندووقی داهاتی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان) نەوت دروست دەكات
بە ڕای پەرلەمانتارێك، دروستكردنی ئەو سندووقە هەنگاوێكی باشە، بەڵام تەنیا چاودێریی دارایی دەتوانێت ناشەفافبوون نەهێڵێت.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، پڕۆژەیاسایەك بۆ ئەو مەبەستە ئامادە كرا (كە پشتی بە یاسای ژمارەی 22ـی ساڵی 2007ـی پەرلەمان بەستووە) بەڵام هێشتا ڕەوانەی پەرلەمان نەكراوە تا گفتوگۆی لەسەر بكرێت و بكرێتە یاسا.
ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سرووشتییەكان هەرێم (ئیسماعیل گەڵاڵەیی) بوونی ئەم لیژنەیە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 22ـدا بە پێویست دەزانێت، چونكە پێی وایە دەبوو چەند ساڵێك لەمەوپێش ئەو كارە بكرایە.
بە پێی پڕۆژەیاساكە، ئەو دەستەیەی دادەمەزرێندرێت، سەرپەرشتیی داهاتی نەوت و گازی هەرێم و داهاتی هاتوو لە حكوومەتی ئیتیحادییەوە دەكات.
بە گشتی دەستەكە چەند ئەركێكی لە ئەستۆدا دەبێت: (تۆماری سەرجەم داهاتی نەوت، وردبینیكردنی ساڵانەی كۆی داهات، ئاشكراكردنی سەرجەم ئامارەكانی سندووقەكە بە پێی ستانداردی كۆمپانیا ژمێریارییە جیهانییەكان، داهاتی بەخشینی كۆمپانیا و فرۆشی دەرهاوییشتەكانی نەوت و داهاتی گرێبەستە نەوتییەكان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێمدا وەردەگرێت و حیسابێكی بانكیی جیا بۆ سندووقەكە دەكاتەوە).
بەو پێیەی یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی “سندووقی داهات”ـەكە بەرپاكردنی شەفافییەتە لە فرۆشی نەوت و كۆكردنەوەی داهاتدا، (ئیسماعیل گەڵاڵەیی) دروستكردنی ئەم دەستە و سندووقە بە گرنگ دەزانێت، بەڵام لەو باوەڕەیشدایە: “ئەم دەستەیە شەفافییەتی تەواو دروست ناكات، چونكە هیچ شتێك بۆ بوونی شەفافییەت هێندەی ڕۆڵی چاودێریی دارایی گرنگ نییە كە ناچالاكە.”
نەك لە هەرێمی كوردستاندا، بەڵكوو لە حكوومەتی ناوەندییش هەوڵێكی لەو شێوەیە لە ئارادایە كە:
1- داهاتی “پترۆدۆلار” بۆ ئەو ناوچانە تەرخان بكرێت كە نەوت و گازی لێیە.
2- یان سندووقێك بۆ كۆكردنەوەی بەشێك لە داهاتی فرۆشی نەوت و گاز پێك بهێندرێت تا نەوەكانی داهاتوو سوودی لێ وەربگرن.
ئەم جۆرە سندووقە، لە وڵاتێكی وەكوو “نەرویژ” هەیە كە داهاتی سامانە سرووشتییەكان دەستی لێ نادرێت و بۆ نەوەكانی داهاتوو هەڵدەگیرێت.
شارەزای بواری نەوت (د. عەلی حوسێن بەلۆ) دەڵێت كە هەرچەندە بڕیار لەسەر ئەو بڕە داهاتە نەدراوە كە دەخرێتە ئەو سندووقەوە، بەڵام بەرنامەیەكی لەو شێوەیە بە دەستەوەیە و جێبەجێ دەكرێت. بۆیە لەو باوەڕەدایە كە ئەگەر سندووقێكی لەو شێوەیە لە عێراقدا هەبێت، بێگومان هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.
زۆر جار ڕەخنەی ئەوە دەگیرێت كە هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ بەدامەزراوەییكردنی هەندێك دامەزراوە سستن. بە ڕای (گەڵاڵەیی) ڕەنگە بەدامەزراوەبوونی “سندووقی داهات” و چوونە ژێربار كاتی بوێت، بەڵام بە گشتی هەنگاوەكە باشە. لەسەر ئەو بنەمایەی كە داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم دەچێتە بەغدا، بەڵام پاڵاوگەكان و پێكهاتەكانی دیكەی نەوت پێویستی بە چاودێری هەیە، (عەلی بەلۆ) وای دەبینێت كە دەبێ پەرلەمانی هەرێم و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان پەنا بۆ ئالییەتێكی وا بەرن كە چاودێرییەكی وردی ئەم بارودۆخە بكات.
بروفايل-
پڕۆژەیاسای سندووقی داهاتی نەوت و گازی هەرێم:
_ پڕۆژەیاساكە لە 7 بەش و 12 ماددە پێك هاتووە.
_ باس لە هەیكەلی دەستەی چاودێریكار و ئەكەركانی دەستەكە كراوە.
_ دەستەكە لە سەرۆك و جێگر و بەرپرسی سندووق، شارەزای دارایی، شارەزای ئابووری، شارەزایەكی دیكە پێك دێت كە ئەنجوومەنی وەزیران دیاری دەكات.
_ نابێ سەرۆكی دەستەكە شارەزایی لە 15 ساڵ كەمتر بێت. بۆ جێگر و ئەندامەكانی دیكە 10 ساڵ پێویستە.
_ دەستەكە لە ڕووی دارایی و ئیدارییەوە سەربەخۆ دەبێت.
-سایتی ههولێر
