پارتی و یەكگرتوو رۆژی دووشەممە كۆدەبنەوە

پارتی و یەكگرتوو رۆژی دووشەممە كۆدەبنەوە
ئەندامێكی‌ مەكتەبی‌ سیاسیی‌ یەكگرتووی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان ڕای گەیاند حزبەكەی بڕیاری دا ڕۆژی دووشەم داهاتوو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی ڕووداوەكانی دەڤەری بادینان كۆ ببنەوە.

محەمەد فەرەج تایبەت بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، لەسەر پێشنیازی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیارمان دا دوو سبەی دووشەم لەگەڵ ئەو حزبە لەسەر ڕووداوەكانی دەڤەری بادینان كۆ ببینەوە.

ئاماژەی دا، هەر ئێستە وەڵامەكە بە عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دەدەینەوە كە ئێمە ئامادەین بۆ دانیشتن و لە ڕۆژی دووشەم دانیشتنەكە ئەنجام دەدرێت، چونكە ئەوە پێشنیازی باپیر بوو.

\"وەك یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ هەرگیز سازش لەسەر مافی‌ خۆمان ناكەین، چونكە سووتانی‌ بارەگاكانمان بەبێ‌ پاساو بووە، بۆیە دەبێت رێوشوێنی‌ پێویست لەو بارەیەوە وەربگیرێت و ئەمە داوای‌ كادرانی‌ یەكگرتووە لە كۆبوەنەوەكاندا\"" فەرەج گوتی.

هەینی رابردوو 2 كانوونی یەكەم/دیسێمبەر لە شارۆكەی زاخۆ سەتان كەس دوای تەواوبوونی نوێژی هەینی هێرشیان كردە سەر ژمارەیەك دووكانی مەی فرۆشتن و سەنتەرەكانی مەساج و بەهۆیەوە 14 دووكانی مەی و 4 سەنتەری مەساج سووتێنران، دواتر پێكدادان لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان رووی دا و لە ئەنجامدا 32 كەس بریندار بوون كە زۆربەیان پۆلیسن.

لە بەرامبەردا وەك كاردانەوەیەكی ناڕەزایی هێرش كرایە سەر چەند بارەگەیەكی یەكگرتووی ئیسلامی لە دەڤەری بادینان و ژمارەیەكی زۆریان سووتێنران."
Top