قەرەیڵان: چى تر ئاگربەستى یەكلایەنە راناگەیەنین
بەپێى راگەیاندنێكى ناوەندى راگەیاندنى كەچەكە كە ئەمڕۆ چوارشەم وێنەیەكى بۆ (ئاكانیوز) نێدراوە، قەرەیلان لە دیمانەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتى چى تر هەنگاوى یەكلایەنە ناهاوێژین و هەر شتێك بكرێ دەبێ دوولایەنە بێ لەگەڵ دەوڵەت.
پارتى كرێكارانى كوردستان (پەكەكە) كە ئێستە یەكێكە لە رێكخراوەكانى كەچەكە، تا ئێستە زیاتر لە 7 جار یەكلایەنە ئاگربەستى راگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانى ئەو پارتە دەڵێن حكوومەتى توركیا بەدەم هیچكام لەو راگەیاندانەوە نەهاتووە و پرۆسەى سەربازى رانەگرتووە.
بەپێى راگەیاندنەكە، قەرەیڵان لەو دیمانەیەدا بۆچوونى خۆى لەبارەى لێدوانى هەریەك لە رەجەب تەیب ئەردۆگانى سەرۆك وەزیرانى توركیا كە وتوویەتى \""پێشكەوتنى بەرچاو دێتەدى ئەگەر پەكەكە چەك دابنێ\"" و جەلال تاڵەبانى سەركۆمارى عێراق كە ئاماژەى بەوە داوە \""پەكەكەى قایل كردووە چەك دابنێ\"" دەربڕیوە.
قەرەیڵان گوتى قسەكانى ئەردۆگان كۆنن و هیچ شتێكى نوێیان تێدا نییە، حكوومەت دەیەوێ هەڵوێستێك بخاتە روو كە هاومەرج كراوە لەگەڵ كۆمەڵێ شیمانە بۆ دواى ئەو كاتەى پەكەكە چەك دادەنێ و خۆ بەدەستەوە دەدا، ئەوەیش بۆ ئێمە بژاردەیەكى كردارى نییە.
لەبارەى لێدوانەكەى تاڵەبانیشەوە گوتى \""پێم وایە تاڵەبانى بە شێوازى خۆى ئەو قسەیەى لەچوارچێوەى بەستنەوەى بە هەندێ هەلومەرجەوە كردووە. قسەكانى دەكرێ گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێ\""."
