مەحمود عوسمان: ئەوەی لە زاخۆ ڕووی داوە، هەوڵدانە بۆ بێهێزبوونی كورد و تێكدانی سەقامگیریی
ئەو ئەندامەی پەرلەمان، بۆ “هەولێر”ـی ڕوون كردەوە: “بڕوا ناكەم ئەو جۆرە ڕەفتارەنە و پەلاماردانی شوێنە گشتییەكان و گەشتیارییەكان خزمەتی بەرژەوەندیی هیچ لایەك بكات، بە قەد ئەوەی كە زیان بە ئەزموونی كوردستان دەگەیەنێت كە بەری خەباتێكی خوێناوییە لە ساڵانی ڕابردوودا، هاوكات تێكدانی سەقامگیری و ناووبانگی ئەزموونی كوردستان بوو، ناكرێ بەم شێوە سانایە سەیری ئەو بارودۆخە بكرێ، چونكە نابێ ئەم وڵاتە بەرەو شەڕی تایفەگەری و مەزهەبی بەرین، تا ئێستا كوردستان وڵاتی پێكەوەژیان و برایەتییە، ناكرێ ڕێگە بە كەس و لایەنێك بدرێت ئەو جۆرە فیتنەیە بگێڕێت كە بۆی هەبێ ئەزموونی كوردستان بخاتە حاڵەتێكی مەترسیدارەوە.”
(د. مەحموود عوسمان) ئەوەیشی خستە ڕوو كە جێگەی داخە دەستی دەرەكی لە پشتەوەی ئەم جۆرە كارانە بێت و بیانەوێ بۆ مەرامی خۆیان بیقۆزنەوە و كوردستان بكەن بە گۆڕەپانی ململانێی خۆیان.
ئەو هەروەها گوتیشی كە ئێستا كورد لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە وریایی هەیە و دەبێ ڕێز لە یاسا بگیرێت بۆ لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوانە و بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا بكرێت و غافڵ نەبین لە ئاست ئەو پیلانانەی كە بەرانبەر كوردستان لە ئارادان.
(د. مەحموود) لە كۆتاییدا ئاماژەی دا كە ئێستا كورد، پێگەی خۆی لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان و بڕیاری سیاسی لە عێراقدا هەیە، بۆیە هەوڵ دەدرێت كە ڕێگە لە بەهێزبوونی كورد و پێگەی داهاتووی بگیرێت، بە تایبەتی دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، كە پاشەڕۆژی عێراق ڕوون نابێت.
