مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی حزبی تەقەدومی ئیشتیراکی لوبنانی ( وەلید جونبوڵات ) کرد
ئەمەو لە دیدارێکدا مەسرور بارزانی وێرای بەخێرهاتنی گەرمی شاندی میوان خۆشحالی خۆی بەم سەرەدانە دەربری و هیوای خواست ئەم جورە دیدار و چاوپێکەوتنانە فاکتەری لێک نزیکبوونەوە و پتەوتربوونی زیاتری پەیوەندیە هەمەچەشنەکانی هەردوو گەلی دوستی کورد و لوبنانی بن .
هەر لە میانەی ئەم دیدارەدا بەرێزیان تیشکی خستە سەر هەڵویستی سەرکردایەتی کورد لە عێراقی نوێدا و ئاماژەی بەوە دا کە سەرکردایەتی کورد بەگشتی و جەنابی سەروک بارزانی بەتایبەتی هەولیان داوە بە رەچاوکردنی بنەمای لێبوردەیی و یەکتر قبول کردن، ئاسەواری سیاسەتە چەوتەکانی رژێمی پێشووی عیراق بسرنەوە، کە دیارترینیان بریتی بوو لە تێکدانی بنەماکانی پێکەوەژیانی گەلان و ئایین و مەزهەبە جیاکان و شێواندنی موزاییکی پێکهاتەی گەڵانی عیراق. هەر لە ئاراستەی ئەم بنەمایەی یەکتر قبوولکردنەدا، گەلی کورد دەخوازێت مافەکانی گشت پێکهاتەکانی عێراق بە پێی دەستووری نوێ دەستەبەر و پارێزراو بێت.
لەم چوارچێوەیەدا بەرێزیان جەختی لەسەر پاراستن و پەرەپێدانی ئەم بنەمایانە کرد لە ئاستی تێکرای ناوچەکە، وەک زامنێکی بەهێز بۆ دابین کردنی دوارۆژێکی گەش و ئارام بۆ گەلانی عیراق و تەواوی گەڵانی رۆژهەلاتی ناوەراست .هەر لەم راستایە و لە ئاماژەیەکدا بۆ ڕووداوەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی هەرێم، مەسرور بارزانی جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان نموونەی پێکەوە ژیان و لێبوردەیی ئایینی و نەتەوەیی بووە و هەرواش دەمێنێتەوە و ئەم ڕووداوانە ناتوانێت گیانی لێبوردەیی و پێکەوە ژیان لە نێوان پێکهاتەکانی هەرێم لاواز بکات.
هەر لە ئاماژەیەکیشدا بۆ گۆرانکاری و پێشهاتەکانی جیهانی عەرەبی و دەڤەرەکە، بەرێزیان هیوای خواست کە ئەو گورانکاریانە بە قازانجی پەرەپێدانی پروسێسی دیموکراسیەت و بڵاوکردنەوەی کەلتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی بەئەنجام بگات و ببێتە سەرەتای ژیانێکی ئارام و پڕ بەختەوەرتری بۆ هەموو گەڵانی ناوچەکە.
لەکوتایی ئەم سەرەدانەدا بەرێز وەلید جونبوڵات خۆشحالی خۆی بەم دیدارە دەربری و لەپێناوو پێشخستنی پەیوەندیە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو لا بەگرنگی پێناسە کرد و جەختیشی لە پەرەپێدانی ئەم پێوەندیانە کرد لە گشت ئاستەکانی سیاسی و کەلتووری و ئابووری.
