سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ وه‌لید جونبوڵات سه‌رۆكی حیزبی ته‌قه‌دومی ئیشتراكی لوبنانی كرد

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ وه‌لید جونبوڵات سه‌رۆكی حیزبی ته‌قه‌دومی ئیشتراكی لوبنانی كرد
ئه‌مڕۆ له‌ سه‌ڵاحه‌ددین به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ وه‌لید جونبوڵات سه‌رۆكی حیزبی ته‌قه‌دومی ئیشتراكی لوبنانی كرد , له‌ دیدارێكدا كه‌ فازیل میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌بوون , په‌یوه‌ندی دووقۆڵی نێوان هه‌ردوولا باسكرا و ته‌ئكیدیش له‌ په‌ره‌پێدانی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرایه‌وه‌ .

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا , سه‌رۆك بارزانی له‌و ئازار و مه‌ینه‌تیی و كاره‌ساتانه‌ دووا كه‌ به‌درێژایی ده‌یان ساڵ و له‌سه‌رده‌مانی ڕژێمه‌كانی پێشوو , دووچاری گه‌لی كوردستان بوونه‌وه‌ , سه‌باره‌ت به‌ ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستانیش , سه‌رۆك بارزانی سه‌قامگیریی سیاسی و ئیداری و بوژانه‌وه‌ی ئابووری و ئاوه‌دانیی هه‌رێمی كوردستانی ڕوونكرده‌وه‌ , لای خۆشییه‌وه‌ وه‌لید جونبوڵات وێڕای ده‌ربڕینی پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان و مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامبوونی گه‌لی كوردستان ووتیشی : شه‌ره‌فمه‌ندم كه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستانم و له‌ته‌ك گه‌لی كوردستانم كه‌ پاش ساڵانێكی زۆر له‌ تێكۆشان , مافه‌كانی خۆیی به‌ده‌ست هێناوه‌ .

تاوتوێكردنی ڕه‌وشی ووڵاتانی ده‌ورووبه‌ر و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه‌ به‌م دوواییانه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ ووڵاتان هاتونه‌ته‌ ئاراوه‌ , به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو .
Top