شاندێكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا

شاندێكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا
به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی چه‌ند دیدارو كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكاو دامه‌زراوه‌ی هزری و ناوه‌نده‌كانی راگه‌یاندن، شاندێكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ پێكهاتبوو له‌ به‌ڕێزان فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و د. ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت گه‌یشتنه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.

ئه‌مه‌و بڕیاره‌ شاندی هه‌رێمی كوردستان به‌ یاوه‌ری به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی ده‌زگا باڵاكانی حكومه‌ت و كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا و ناوه‌نده‌كانی راگه‌یاندن و دامه‌زراوه‌ هزریه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ بكه‌ن و دیدارو كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ ساز بكه‌ن بۆ خستنه‌ڕووی سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان عیراق، به‌ تایبه‌ت دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق. هاوكات قووڵكردنه‌وه‌ی زیاتری په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌بواره‌كانی سیاسی و ئابووری و گه‌شه‌پێدانی كه‌رته‌ جیاوازه‌كان ئامانجێكی دیكه‌ی سه‌ردانی شاندی هه‌رێمی كوردستانه‌ بۆ ئه‌م وڵاته‌.
Top