هیچ ڕێگرێكی یاسایی لە بەردەم گەڕانەوەی مەخموور بۆ سەر كوردستان نییە

هیچ ڕێگرێكی یاسایی لە بەردەم گەڕانەوەی مەخموور بۆ سەر كوردستان نییە
لە میانەی سەردنەكەیدا بۆ قەزای مەخموور، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) ڕایگەیاند: “مەرج نییە گەڕانەوەی مەخموور دوا بخرێ تا ماددەی 140 جێبەجێ دەكرێ، ئەسڵەن ماددەی 140 مەخموور ناگرێـتەوە، مەخموور بە قانوون لە هەولێر دانەبڕاوە.”

قەزای (مەخموور)ـیش یەكێك بوو لەو شوێنانەی كە پاش ڕاپەڕینەكەی ساڵی 1991 لە ژێر دەستەڵاتی ئەو ڕژێمەدا مایەوە و دواهەوڵیش بۆ بەردەوامیدان بە تەعریبكردنی ئەو قەزایە، گواستنەوەی ئیدارەی ئەو قەزایە بوو بۆ سەر پارێزگای مووسڵ.

قایمقامی قەزای مەخموور (ئیبراهیم شێخەڵڵا)، ئاماژە بەوە دەدات كە ئەو بڕیارەی لە ساڵی 1996ـدا درا، بڕیارێكی ئیداری بوو بە بێ ئەوەی تۆماری ڕەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانیی ئەو خەڵكە بگۆڕدرێت و بخرێتە سەر مووسڵ یاخود میلاكاتی قەزای مەخموور بچێتە سەر ئەو پارێزگایە.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. مەحموود عوسمان)، گوتی كە ئەوەی سەرۆكی هەرێم دەیڵێت، ڕاستە و ئەوە شتێكی ئیدارییە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت لەگەڵ حكوومەتی بەغدا دابنیشێت و چارەی بكات.

(مەحموود عوسمان)، ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە ئەگەر ئەو شتە شتێكی تەواو ئیداری بێت، ئەوا پێویست بەوە ناكات بێتە پەرلەمان و لە ڕێگەی ئەو وەزارەتەی كە پێشتر ئەو كارەی كردووە، تەواو دەكرێت.

مامەڵەكردن لەگەڵ مەخمووردا وەكوو بەشێك لە هەولێر
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گوتارەكەیدا لە بەردەم هاووڵاتیانی مەخموور، ئاماژەی دا: “بە ڕاستی ئێمە وا مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین، كە مەخموور بە كردەنی بەشێكە لە هەولێر.”

قاقیمامی قەزای مەخمووریش، دەڵێت كە لە ڕابردوو و لە ئێستایشدا پارێزگای هەولێر وەكوو بەشێك لەو پارێزگایە مامەڵەی لەگەڵ قەزاكەیاندا كردووە و نموونەی ئەمەیش ئەوەیە كە تەنیا لە ساڵی 2011ـدا 58 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزای تەرخان كراوە.

قایمقامی مەخموور، ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە ئەوان داوایان لە سەرۆكی هەرێم كردووە بە فەرمانێكی مەركەزی یان بە بڕیارێكی سەرۆكایەتی هەموو فەرمانگەكانی هەرێم و وەزارەتەكان ڕاسپێریت كە مامەڵەكانی مەخموور وەكوو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێت، ئەوەیش كێشەیەكی زۆر لە كۆڵ ئەوان دەكاتەوە، چونكە تاوەكوو ئێستایش هەندێك لە دامودەستگەكان مامەڵەكانی خەڵكی مەخموور وەكوو خەڵكی هەرێمی كوردستان ناكەن.

دروستكردنی پڕۆژەی ئاودێری
یەكێك لەو كێشانەی كە هاووڵاتیانی قەزای مەخموور و دەوروبەری پێوەی دەناڵێنن، ئاوڕنەداوەنەی حكوومەتی عێراقە لە جووتیارەكانی ئەو ناوچەیە هەر ئەویش وای كردووە كە ئەو هاووڵاتیانە ناچار بكات شوێنەكانی خۆیان بە جێ بهێڵن.

قایمقامی قەزای مەخموور، ئاماژەی دا كە داوایان لە سەرۆكی هەرێم كردووە حكوومەتی هەرێم پڕۆژەیەكی ئاودێریی لە ناحیەی قەراجدا دروست بكات و سەرۆكی هەرێمیش زۆر بە جیددی بەڵێنی دا كە ئیشی لەسەر بكەن و جێبەجێی بكەن.

سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش، ڕایگەیاندووە: “ئەم پڕۆژەیە بە لای منەوە زۆر گرنگە و من بە تایبەتی بەدواداچوونی بۆ دەكەم لەگەڵ حكوومەتدا، هەر چییەكیش پێویست بێت دەیكەین، چونكە من دەزانم گرنگی و خێری بۆ وڵاتەكە بە گشتی چەندە.”

سەرۆكی هەرێم ئەویشی گوت كە “پەنا بە خوا بتوانین وەزعێكی وا دروست بكەین خەڵك هەموو ڕوو لە ناوچەكە بكاتەوە، نەوەكوو ئێرە بەجێ بهێڵێت و ڕوو لە شارەكان و لە شوێنی دیكە بكەن.”


كێشە تەندروستی
یەكێكی دیكە لەو كێشانەی كە لە ئێستادا قەزای مەخموور پێوەی دەناڵێنێت، كەمیی نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستییە.

قایمقامی قەزای مەخموور، ئاماژەی دا كە لەسەر بودجەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق خەریكی دروستكردنی بنكەیەكی تەندروستین كە نەخۆشخانەیەكی بچووكە و بڕی 2 ملیارد دیناری بۆ تەرخان كراوە.

(ئیراهیم شێخەڵڵا)، گوتیشی كە پڕۆژەیكی دیكەیش هەبوو كە دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەویڵەیی بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لەسەر سەنەدی زەوییەكەی نووسراوە مەخموور – هەولێر، پارێزگای مووسڵ ئەو پڕۆژەیەی ڕاگرتووە.

لە بەرانبەریشدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڵێنی دا كە بە هاوكاریی وەزارەتی تەندروستی و پارێزگای هەولێر هەوڵی ئەوە دەدەن كە بە هەر شێوەیەك بووە بارودۆخی ئەوان بگۆڕن، ئەویش بە دابینكردنی پزیشكی ئافرەت و برینپێچ و هەموو وردەكارییە خزمەتگوزارییەكانی دیكەی تایبەت بەو بوارە.



-سایتی هەولێر
Top