(نێچیرفان بارزانی)، (دانیال میتران) بە دایكی كوردان ناو دەبات
(نێچیرڤان بارزانی) لە لاپەڕەی فەیسبووكی خۆیدا گوتی:
“خەمبار و دڵگران بووم بە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی دۆستی دێرینی گەلی كورد، پاڵەوانی دادپەروەری و مافەكانی مرۆڤ، خاتوو (دانیال میتیران).
(بارزانی)، گوتیشی چەندان جار چاوی بەم خانمە بەڕێزە كەوتووە و هەڵوێستی بەرانبەر دۆزی ڕەوای گەلی كورد، بە تایبەتی لە ڕۆژە سەختەكاندا، بەرز نرخاندووە.
ئەو هەروەها لەو پەیامەدا دەڵێت: “خۆشحاڵ بووم كە خوالێخۆشبوو پێش ماوەیەك توانی سەردانی هەرێمی كوردستان بكا و قوتابخانەی (دانیال میتران) لە هەولێر بكاتەوە، گەلی كورد وەك قارەمانێك دەڕوانێتە ئەو خاتوونە و هەرگیز لە یادی ناكات.”
(نێچیرڤان بارزانی)، لە كۆتایی پەیامەكەدا دەڵێ: “بێگومان شاییستەی ناسناوی “دایكی كوردان”ـە و نەوەكانی داهاتوو بە ڕێز و شكۆدارییەوە یادی دەكەنەوە، دووبارە پرسە و هاوخەمیی خۆم ئاڕاستەی كەسوكار و دۆستانی خوالێخۆشبوو دەكەم.”
