سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆز و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆز و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق ده‌كات
ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ 20/11/2011 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ باڵیۆز جێمس جێفری باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عیراق و ژه‌نه‌راڵ ئۆستن فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق و شاندێكی یاوه‌رییان.

له‌و دیداره‌دا ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوولا له‌ به‌ر رۆشنایی رێككه‌وتننامه‌ی ئیمزا كراوی نێوان عیراق و ئه‌مریكا گفتوگۆی له‌ باره‌وه‌ كرا، هه‌ر وه‌ك سه‌رۆك بارزانی جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌ سه‌ر گرنگی به‌هێزكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی كه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ر دوولا بكات به‌ تایبه‌تی پاش كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق له‌ كۆتایی ئه‌مساڵدا .

لای خۆشیانه‌وه‌ باڵیۆزی ئه‌مریكا و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ عیراق نیازی وڵاته‌كه‌یان دووپاتكرده‌وه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێم و راشیانگه‌یاند كه‌ ئه‌و سه‌قامگیری و پێشكه‌وتنه‌ی هه‌رێم له‌ گشت بواره‌كاندا وایكردووه‌ كه‌ نه‌ك هه‌ر قورسایی خۆی هه‌بێ‌ له‌ ناو عیراقدا به‌ڵكو له‌ تێكرای ناوچه‌كه‌دا و سوپاسی سه‌رۆك بارزانی _شیان كرد بۆ ئه‌و پشتگیرییه‌ی كه‌ له‌ كونسوڵ و كونسوڵگه‌ری وڵاته‌كه‌یان له‌ هه‌رێمدا ده‌كرێ‌ .

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا ره‌وشی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی هه‌ندێ‌ له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان باسیان لێوه‌كراو بیروڕاش له‌ باره‌یانه‌وه‌ ئاڵوگۆڕكرا.
Top