شاندی کوردستان ئەزمونی کۆمەڵگای مەدەنی دەگوازێتەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی

شاندی  کوردستان ئەزمونی کۆمەڵگای مەدەنی دەگوازێتەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی
بە بەشداری چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی لە حەوت وڵاتی عەرەبی و هەرێمی کوردستان، لە ١٦ و ١٧ /11/2011 مونتەدای (ئازادی دامەزراندنی رێکخراوەکان لە وڵاتانی عەرەبی) لە بەیروت- لوبنان بەڕێوەچوو. ئەم مونتەدایە لەلایەن تۆڕی رێکخراوە ناحکومییەکانی عەرەبی بۆ پەرەپێدان، (ئەی ئێن ئێن دی) بە هاوکاری سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ یاسای رێکخراوە قازانج نەویستەکان، (ئای سی ئێن ئێل) و (مونتەدای راگەیاندنی عەرەبی بۆ ژینگە و پەرەپێدان) رێکخرابوو. سەرۆکی لێژنەی کۆمەڵی مەدەنی لەپەرلەمانی کوردستان د. دانا سەعید سۆفی لە پانێلکدا باسی لەو شێوازانە کرد کە دەبنە هۆی دروستبوونی پەیوەندیەکی هاریکاریانە و پۆزەتیڤ لە نێوانی نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و پەرلەمان و پەرلەمانتاران. پاشان سەرۆکی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی کوردستان لە پانێلێکدا باسی شێوازەکانی دامەزراندنی رێکخراوی مەدەنی کرد، د. دانا رایگەیاند: لەو مونتەدا دوو رۆژییەدا بێجگە لە گفتوگۆکردنی ئەزمون و چوارچێوەی یاسایی کۆمەڵگای مەدەنی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا، پێشنیاری دروستکردنی تۆڕێکی رێکخراوەکان کرا لەنێوانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە بۆ مەبەستی هاوکاریکردنی یەکتر و رووبەرووبوونەوەو خۆگونجاندن لەگەڵ هەلومەرجە تازەکانی دوای بەهاری عەرەبی ئەو تەحەدیانەی رووبەرووی کۆمەڵگای مەدەنی دەبنەوە. سەرۆکی لێژنەی کۆمەڵی مەدەنەی راشیگەیاند کە پەرلەمانی کوردستان بەهاوکاری چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی مونتەدایەک لە ئایندەدا لە هەرێمی کوردستان رێک بخات بەمەبەستی پشتیوانی کردن و بوژاندنەوەی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان.

شایانی باسە بێجگە لە سەرۆکی لێژنەی کۆمەڵی مەدەنی لەپەرلەمانی کوردستان ، سێ رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستانی بەشداریان لەو مونتەدایە کرد.
Top