کەرکوک.. بریندار بوونی چوار کەس و رفاندنی منداڵێک
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پارێزگای کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری رایگەیاند: ئێوارەی دوێنێ، دوای ئەوەی هێزەکانی بنکەی پۆلیسی عروبە و فریاکەوتن و ئامادەیی شاری کەرکوک بۆمبێکی چێندراویان لە گەڕەکی ئاشتی لە نزیک مزگەوتی میعراج دۆزییەوە و کۆنتڕۆڵی شوێنەکەیان کرد بەڵام لەکاتی پوچەڵکردنەوەیدا بۆمبەکە تەقییەوە و لەئاکامدا سێ پۆلیس و یەکێک لە پاسەوانەکانی کۆمیتەیەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بریندار بوون.
دواتر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی عروبەوە بریندارەکان گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک بە مەبەستی چارەسەر کردنی برینەکانیان و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستی پێکرد.
لەلایەکی دیکەوە هەر هەمان سەرچاوە رایگەیاند: چەند چەکدارێکی نەناسراو کە ئۆتۆمبێلیکی جۆری فان رەنگی رەساسی بێ ژمارەیان پێبووە لەگەڕەکی برایەتی نزیک شوقەکانی غازی باکوور منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵانیان بۆ شوێنێکی نادیار رفاند و دوابەدوای رووداوەکەش بنکەی پۆلیسی عروبە لێکوڵینەوەی لەبارەی رووداوەکەوە دەست پێکرد.
