مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی سەرۆکی هەرێم کرد
ئەمەش دەقەکەیەتی:
برای بەڕێزمان جەنابی کاک مەسعود بارزانی
بە داخێکی گران و پەرۆشیێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو حەمایل خانی دایکی بەڕێزتان و هاوسەری سەرکردەی مێژوویی گەلەکەمان مەلا مستەفای ڕەحمەتیمان پێ گەیشت . بەو بۆنە خەمگینەوە هاوخەمی و پرسەو سەرەخۆشی مەکتەبی سیاسی وئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە بەڕێزتان و بە تەواوی بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان ڕائەگەیەنین .
حەمایل خانی خوالێخۆشبوو ، یەکێک بوو لە ژنە ناسراوەکانی کوردستان و یەکێک بوو لە یاوەرە دڵسۆزەکانی بارزانی نەمر ، کە لە قۆناخە جیاجیاکانی خەباتدا هەموو ماندوو بوون وزەحمەتییەکانی شۆڕشی تاقیکردۆتەوە ، نەک تەنیا وەک هاوسەر و خێزانی سەرکردەیەکی وەک بارزانی نەمر و وەک دایکی بەڕێزتان ، بەڵکو وەک تێکۆشەرێکی کوردایەتیش لە خۆشی و ناخۆشییەکانی پتر لە نیو سەدەی گەلەکەماندا بەشدار بووە .
بۆیە ، جێی خۆیەتی لەوڕووداوە خەمگینەدا ، هەموومان خۆمان بە تازیەدار بزانین و هەموومان پێکەوە هاوخەم بین و لە خوای گەورەش داواکارین سەبووری هەموو لایەکمان بدات و خوالێخۆشبووش بە بەهەشتی نەمران شاد بکا .
مەکتەبی سیاسی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
27/7/2011
