داواکاری بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی روو لەزیادبوونە

داواکاری بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی روو لەزیادبوونە
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی هاتوچۆی هەرێم، رایگەیاند: بەمەبەستی کارئاسانی بۆ ئەو کەسانەی گەشتی دەرەوەی هەرێم ئەنجامدەدەن مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتییان پێدەدەین لە ئێستاشدا نزیکەی 17 هەزار کەس، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆیان کردووە، تا ببنە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی.
بەرپرسی بەشی مۆڵەتپێدانی نێودەوڵەتی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم، پێشڕەو کەریم رایگەیاند: ئەو کەسەی بیەوێت ببێتە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی، پێویستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم بکات، بەڵام لەئێستادا بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ کارئاسانی کردووە بۆ ئەو کەسانەی دانیشتووی شارەکانی (سلێمانی‌، گەرمیان، سۆران، دهۆک)ـن، دەتوانن فۆڕمی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی شارەکەیان وەربگرن و پاشان لە ماوەی سێ رۆژدا مۆڵەتی شۆفێرییەکەیان بۆ دەگەڕێتەوە، هاوکات مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی دەدرێتە هاوڵاتییان، بە مەرجێک مۆڵەتی شۆفێری (تایبەت یان گشتی) ناوخۆی هەرێمیان هەبێت‌ و خاوەن پاسپۆرتی عێراقی بن.


کەریم وتیشی: \"هەر هاوڵاتییەک سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بکات بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی، ئەوا لەماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێردا مۆڵەتەکەی پێدەدرێت، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی لەبەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەکانی دیکەوە فۆڕمی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێریمان لەڕێگەی پۆستەوە بۆ ئاراستە دەکەن، لەدوای سێ رۆژ مۆڵەتەکەیان پێدەدرێت\"".

بەرپرسی بەشی مۆڵەتپێدانی نێودەوڵەتی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا رۆژانە نزیکەی 200 مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی دەدرێتە هاوڵاتییان‌ و بۆ هەر مۆڵەتێکیش بڕی 15 هەزار دینار لەهاوڵاتییان وەردەگیرێت.

هەروەها روونیشکردەوە، تائێستا 16هەزار و 900 کەس لەهەرێم، بوونەتە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی، کە پێنج هەزار ‌و 700 مۆڵەتیان لەمساڵدا داوەتە هاوڵاتییان."
Top