خۆپێشاندان بۆ بەردەم كونسوڵگەی ئێران لە هەولێر دەستی پێ كرد

خۆپێشاندان بۆ بەردەم كونسوڵگەی ئێران لە هەولێر دەستی پێ كرد
ئەمڕۆ سێشەم كەمپینی (بوەستە ئێران) بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە دژی تۆپبارانی ئێران بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، خۆپێشاندانێكی ناڕەزایی بە بەشداریی دەیان رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی و سەدان كەس بۆ بەردەم كونسوڵگەی ئێران لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر دەست پێ كرد.

بڵند مستەفا یەكێك لە سەرپەرشتیارانی خۆپێشاندانەكە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، 70 رێكخراوی مەدەنی و سەدان كەس بەشدارییان لەو خۆپێشاندانە بەمۆڵەتە كردووە، كە لە نێزێك قەڵا و پارێزگەوە دەستی پێ كرد بۆ بەردەم كونسوڵگەی ئێران.

هەروەها گوتى یاداشتێك ئاراستەى كونسوڵگەى ئێران دەكەین، كە وێڕاى سەركۆنەكردنى تۆپبارانكردنەكە، چەند داواكارییەكى لەخۆ گرتووە، لەوانە راگرتنى دەستبەجێى تۆپبارانەكە، بەكارنەهێنانى ئاوى ئەڵوەن لەلایەن ئێرانەوە بۆ یەكلاكردنەوەى كێشە سیاسییەكان و گەلاَڵەكردنى رێكەوتنێكى سیاسى لە نێوان ئێران و عێراقدا بۆ ئەوەى جارێكی تر تۆپبارانكردنى ناوچە سنورییەكانى هەرێمى كوردستان دووبارە نەبێتەوە.

ئەوەیشى گوت كە لە یاداشتەكەدا داوایان كردووە لە ماوەى 72 سەعاتدا وەڵامیان بدرێتەوە، بەپێچەوانەوە هەڵوێستى تریان دەبێ، لەوانە پەنابردن بۆ داخستنى دەروازەى سنووریى نێوان هەرێم و ئێران.

ماوەی چەند هەفتەیەكە تۆپخانەكانى ئێران دەستیان بە بۆردمانكردنى ناوچە سنوورییەكانى هەرێم كردووەتەوە و بەگوێرەى لێدوانەكانى بەرپرسانى ئیداریى ناوچە سنوورییەكان، لە ئەنجامى بۆردمانەكانى بیست و چوار سەعاتى رابردوودا لە ناوچە سنوورییەكانى دەڤەرى سیدەكان /144 كم باكورى رۆهەڵاتى هەولێر/ 2 هاووڵاتیى مەدەنى كوژراون 3ى تریش بریندار بوون، هەروەها دەیان ماڵباتیش ماڵ و حاڵى خۆیان بەجێ هێشتووە.
Top