خانەقین.. ئاوی ئەڵوەن بە تەواوەتی بەرنەدراوەتەوە

خانەقین.. ئاوی ئەڵوەن بە تەواوەتی بەرنەدراوەتەوە
قایمقامی شارۆچکەی خانەقین ئاشکرایکرد، تا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بەفەرمی ئاگادار نەکراوینەتەوە لە بەردانەوەی ئاوی ئەڵوەن و بەردانەوەکەشی بەپێی پێویستی ناوچەکە نیە بۆ چارەسەری گرفتەکەش بەنیازین سەردانی قەسری شرین بکەین.
محەمەدی مەلا حەسەن قایمقامی شارۆچکەی خانەقین بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ تا ئێستا لەلایەن ئێران و ئیدارەی سەرووی خۆشمانەوە ئاگاداری بەردانەوەی ئاوی ئەڵوەن نەکراوینەتەوە بۆیە بۆ چارەسەری ئەو گرفتە بە نیازین سەردانی قەسری شرین بکەین.

وتیشی: ئەو ئاوەی بەردراوتەوە لە ئاست پێویستدا نیە و دانیشتوانی دەڤەرەکە ناتوانن سوود لەو رێژە کەمە وەرگرن.

لای خۆشیەوە سەلام عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری کەمپینی (لە پێناو ئەڵوەن) بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ ئاوی ئەڵوەن گەیشتوەتە خاکی عێراق و گوندی قولە یەهودی تێپەڕ کردوە بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوەتە شارۆچکەی خانەقین.

لەبارەی کەمی ئاوەکەشەوە عەبدوڵا وتی: تا ئێستا بۆمان روون نەبووەتەوە ئایا کەمی ئاوی ئەڵوەن هۆکارەکەی ئێرانە یان ئەوەیە کەنارەکانی ئەڵوەن ئاوەکە بە خێرایی هەڵدەمژن.
Top