ئاسۆس نەجیب ..وردەکاریەکانی خەرجکردنی موچەی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی رادەگەینێت

ئاسۆس نەجیب ..وردەکاریەکانی خەرجکردنی موچەی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی رادەگەینێت
ئەمڕۆ لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم ئاسۆس نەجیب عەبدوڵا ووردەکاریەکانی خەرجکردنی موچەی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی دوای زیادکردنی لە 30 هەزار دینارەوە بۆ 150 هەزار دینار بۆ دەزگاکانی راگەیاندن خستەڕوو.
بەپێی راگەیندراوێکی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم کە دانەیەکی ئاڕاستەی ئاژانسی پەیامنێر کراوە تیایدا هاتووە:
لەو لێدوانەیدا وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە کرد دوای ئەوەی لەسەر پێشنیار و راسپاردەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و لەیاسای بودجەی گشتی هەرێمی کوردستاندا موچەی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی لە 30 هەزار دینارەوە بۆ 150 هەزار دینار زیادکرا. وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی وەزارەت رێنمایی پێویستی دەکرد بەئامانجی جێبەجێکردنی بڕیاری زیادکردنی موچەی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی کە لە 1/1/2011 وە بۆیان هەژمار دەکرێت. لەبارەی وردەکاری سوودمەندانی موچەکە (ئاسۆس نەجیب) وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند بەپێی رێنماییەکان ئەو چینانەی سودمەند دەبن سووددەبن لەم موچەیە بریتین لە:

1- بێوەژن: بەمەرجێک خۆی بەخێوکەری خێزان بێت، هیچ موچەیەک وەرنەگرێت لەحکومەت یان هیچ کرێیەک لەکەرتی تایبەت، هیچ داهاتێکی جێگیری نەبێت.

2- ئافرەتی تەڵاقدراو: ئەوانەی هاوشێوەی ئەو حاڵەتەن (بەجێهێشتراو) جیابوونەوەکە ماوەکەی لەساڵێک کەمتر نەبێت. بەهەمان مەرجەکانی خاڵ (1).

3- قوتابی/خوێندکار خێزاندار: لەقۆناغەکانی خوێندنی (ئامادەیی ، پەیمانگا، کۆلێژ) بەهەمان مەرجەکانی خاڵی (1). بەڵام خوێندنی باڵا ناگرێتەوە..

4- خێزانی حوکم دراو: بەمەرجێک دەستگیرکردنەکەی لەساڵێک کەمتر نەبێت و خۆی بەخێوکەری خێزانەکەی بێت. بەهەمان مەرجەکانی سەرەوە.

5- هەموو کچێکی بێ دایک و باوک: بەمەرجێک تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت، بەخێوکەری نەبێت، هیچ مووچەیەک وەرنەگرێت لەحکومەت یان هیچ کرێیەک لەکەرتی تایبەت.

6- پەککەوتە: بەپێی راپۆرتی پزیشکی پەسەندکراو و ئەو کەسانەی تەمەنیان (65) ساڵە بۆ پیاوان و (60) ساڵ بۆ ژنان کەمتر نەبێت. کەپشکنینی پزیشکی نایانگرێتەوە بەم مەرجانە: تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت، پلەی یەککەوتووی لە رێژەی 75% و زیاتر، هیچ مووچەیەک وەرنەگرێت لەحکومەت یان هیچ کرێیەک لەکەرتی تایبەت، هیچ داهاتێکی جێگیری نەبێت.

7- منداڵی ناکام: (الیتیم القاێر) ئەو منداڵەی دایک و باوکی نەماوە یان باوکی نەماوەو دایکی شووی کردووە. بەم مەرجانە: هیچ مووچەیەک وەرنەگرێت لەحکومەت بەهیچ شێوەیەک، هیچ داهاتێکی جێگیری تری نەبێت.

لەکۆتایی لێدوانەکەیدا (ئاسۆس نەجیب) وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم رایگەیاند لەئەمڕۆوە رێنمایەکانی زیادکردنی موچەی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی لەلایەن وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کەلەئێستادا نزیکەی 42 هەزار خێزان لەهەرێمی کوردستان سوودمەندن لەم موچەیە.
Top