حەوتەمین كۆنگرەی حزبي زەحمەتكێشان لە هەولێر دەستی بەكارەكانی كرد

حەوتەمین كۆنگرەی حزبي زەحمەتكێشان لە هەولێر دەستی بەكارەكانی كرد
حەوتەمین كۆنگرەی حزبي زەحمەتكێشان لە هەولێر دەستی بەكارەكانی كرد
10/07/2011 14:30

هەولێر 10 تەمووز/یۆلیۆ (ئاكانیوز)- بەبەشداریی زیاتر لە 300 ئەندام، ئەمڕۆ یەكشەم حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان حەوتەمین كۆنگرەی خۆی دەست پێ كرد.

كۆنگرە بە دروشمی \"بەدیهێنانی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی كوردستان لەڕێگەی ڕیفڕاندۆمەوە)، لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی هۆتێل مۆدێرن ستی بەبەشداریی 310 ئەندامی هەڵبژێردراو حەوتەمین كۆنگرەی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەستی بەكارەكانی خۆی كرد، كە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێ.

بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری كۆمیتەی ناوەندیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ڕاپۆرتی سیاسیی كۆمیتەی ناوەندی خوێندەوە، ئاماژەی بەوە كرد زۆر جار لە كۆنگرەدا زۆرترین چاو لەسەر ئەوەیە كە كێ بەئەندامی سەركردایەتی دەردەچێ، كێ دەبێتە بەرپرسی یەكەمى حزب و كێ دەرناچێ و كاردانەوەى چی دەبێ، دیارە زۆرترین كات بیركردنەوە لەسەر ئەم بابەتەیە، بێگومان چۆنیەتی هەڵبژاردن و دیاریكردنی سەركردایەتی بایەخ و گرینگی هەیە و ناكرێ لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەوە بەهەند هەڵنەگیرێ، بەڵام ناكرێ بكەوێتە سەر حیسابی گرنگی و بایەخی پڕۆژەكانی ترى كۆنگرە.

زیاتر گوتی كاتی خۆمان بەوە ناكوژین كە كێ خۆی كاندید دەكات و كێ دەردەچێ و دەرناچێ، بەگرە زیاتر جەخت دەكەینە سەر تاوتوێكردنى ئەركەكانی حزب و وتوێژكردن لەسەر شێوازی كاركردن و دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو، دەمانەوێ لەم كۆنگرەیەدا پێ بنێینە قۆناخێكی تازەوە، كۆنگرە لە پێناو كۆنگرەدا نابێت، بگرە گۆڕانكاری لە سەرجەم پێكهێاتەكانی حزب دەكەین.

هیوا سەلیم سەرۆكی لێژنەی ئامادەكاریی كۆنگرە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند لەم كۆنگرەیە 310 ئەندامی هەڵبژێردراو تێدا دەكەن، 25 كەس بۆ كۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێن.

ئاماژەی بەوەش دا: كۆمیتەی ناوەندی مەكتەبی سیاسی و سكرتێر هەڵدەبژێرێ، كە 7 ئەندامی مەكتەبی سیاسی و 2 ئەندامی یەدەگ دەبێت، لەم كۆنگرەیەدا جێگرێك بۆ سكرتێری دیاری دەكرێ، كە لە ڕابردوودا ئەم پۆستە نەبوو.

حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان 25 ئەندامى كۆمیتەى سەركردایەتى و 7 ئەندامى مەكتەبى سیاسى و 11 لقى هەیە.

لە ئاب/ئۆگەستسى 2009 قادر عەزیز سكرتێرى پێشووى ئەو حزبە لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانى سەركردایەتیى حزبەكە حزبێكى نوێیان بەناوى حزبى زەحمەتكێشانى سەربەخۆى كوردستانى پێك هێنا.

حزبى زەحمەتكێشان لەگەڵ ژمارەیەك لە پارتە چەپەكانى كوردستان لە چوارچێوەى لیستى ئازادى و عەدالەتى كۆمەڵایەتیدا بەشداریى هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەى هەرێمى لە تەمووز/یۆلیۆى 2010دا كرد، كە لیستەكە تەنیا یەك كورسی بەدەست هێنا.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەى ئادار/مارسى 2010ى عێراقیشدا زەحمەتكێشان بەشێك بوو لە لیستى هاوپەیمانیى كوردستان."
Top