سەرۆك وەزیرانى هەرێم: لێدوانەكانى مالیكی پێچەوانەى دەستوورە و جێگەی قبووڵكردن نییە

سەرۆك وەزیرانى هەرێم: لێدوانەكانى مالیكی پێچەوانەى دەستوورە و جێگەی قبووڵكردن نییە
ئەمڕۆ یەكشەم سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، نیگەرانین لە بەرامبەر لێدوانەكانی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی پرسی دامەزراندنی هەرێمی ترى فیدراڵی لە عێراقدا و ئەو جۆرە لێدوانانە پێچەوانەى دەستوورە و جێگەى قبووڵكردن نییە.

پێنجشەمی رابردوو نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ سەرۆك هۆزەكانى بەغدا هۆشداری دایە لایەنە سیاسییەكانی وڵات لە هەوڵدانیان بۆ پێكهێنانی هەرێمی تر و روونی كردەوە كە هەنگاوی لەو جۆرە دەبێتە هۆی جیابوونەوە و هەڵگیرسانی شەڕی ناوەخۆ و یەكەتیی خاكی عیراق دەخاتە مەترسییەوە.

دوێنێ هەینی مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێمی كوردستان رەخنەى لەو جۆرە لێدوانانە گرت و راى گەیاند، من سەرم لەو لێدوانە سڕماوە، چونكە داواكاری لەم جۆرە شتێكی یاساییە و دەستووری هەمیشەییش ئەو مافەی سەلماندووە و هیچ مەترسییەك دروست ناكات، بگرە بە پێچەوانەوە یەكریزی گەلی عیراق پتەوتر دەكات.

بارزانى پتر گوتى، جەختى دەكەمەوە كە پابەند نەبوون بەدەستوور، عێراق بەرەو هەڵدێر دەبات نەك داوای بەهەرێمكردن.

بەرهەم ئەحمەد ساڵح ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا لە شاری هەولێر لە كاتى پێشاندانى نموونەی خانووی سەوز كە لە لایەن كۆمپانیایەكی ئەمەریكاییەوە بنیات نراوە راى گەیاند، نیگەرانین بەو لێدوانانەی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە سەبارەت بە پرسی ئەگەری پێكهێنانی هەرێمی فیدراڵی تر لە عێراق بڵاو كراوەتەوە.

روونی كردەوە، ئەمە دووبارە گەڕانەوەیە بۆ دەسەڵاتی ناوەند و پێچەوانەی دەستووری عێراقە كە زۆرینەی گەڵانی عێراق بەبەڵێ دەنگیان پێ داوە، هیوادارم ئەم لێدوانانەی مالیكی گوزارشت نەبێ لە سیاسەتی حكوومەتی عێراق.

ئاماژەی بەوەش دا\" ئەم لێدوانانەی مالیكی پێچەوانەی روون و ئاشكرای دەستوورە، ئێمە لە ماوەی پێشوو بینیمان كە گەلانی عێراق ببوونە قوربانی دەسەڵاتی تاكڕەوی و كۆكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە ناوەند دا، فیدراڵیەت زەمانەتی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكات، عێراقی دوای لێخرانی رژێمی پێشوو لە سەر بنەمای لێك گەیشتن و عێراقێكی فیدراڵی و دیموكراسیدا بنیادنراوە، ناكرێت بۆ خاڵی دواوە بگەڕێینەوە\"".

زیاتر گوتی، هەر كەسێك بەم شێوەیە هەڵسوكەوت بكات پێچەوانەی دەستووری عێراقە و ئەمەش جێگەی قبوڵ كردن نییە، ئەم پرسەش نەك تەنیا لای كورد بگرە لە لایەن سەرجەم پێكهاتەكانەوە رەت دەكرێتەوە.

سەرۆك وەزیرانى هەرێم ئاماژەى كرد، ئێمە هێشتا بە تەواوەتی لە دەست دەسەڵاتی ناوەندیی پێشوو رزگارمان نەبووە، چ جای ئەوەی بۆ هەمان خاڵی سەرەتا بگەڕێنەوە، ئەم جۆرە هەنگاوانەش بەرەو نەهامەتیمان دەباتەوە، ئەوەش دەڵێمەوە ئومێد دەكەین ئەم لێدوانانە بۆچوونی راستەقینەی كەسەكان نەبێ."
Top